پێگەو شوێنی جوگرافی شارو گوندو ئەو ناوچانەی شوێنی نیشتەجێی مرۆڤن، زیاتر لەو شوێنانەیە تا بتوانن ژیانی ئاسایی رۆژانەیان بەئاسانی بەڕێ بكەن، هەندێ جاریش ئەو شوێنانە دەكەونە پێگەی وا كە جێگەی سەرسوڕمانە، وەك ئەو شارۆچكە فەڕەنسییەی كە دەكەوێتە نێو قوڵاییەكی گەورە، وەك ئەوەی دەوروبەری ناوچەكە حەفر كرابێت و لە نێو چاڵێكی گەورەدا بێت. ئەو ناوچەیە ناوی (بوزۆڵس كوادریلا – Bozouls )ـەو دەكەوێتە بەشی (ئەڤیرۆن) لەباشووری فەڕەنسا.رووبەری ئەو بەشە دەگاتە (240) كیلۆمەتر دووجا، رووبەری شارۆچكەكەش دەگاتە (69) مەتر دووجا، دەگوترێت لەپێشوودا ئەو چاڵە گەورەیە رووبارێكی گەورەی تێدا بووە، بەڵام دواتر وشكی كردووە، شێوەی ناوچەكە وەك ناڵی ئەسپ وایە، نزیكەی (7000) كەس لەو شارۆچكەیە دەژین و بە جوانترین شوێنی نیشتەجێی مرۆڤ دادەنرێت.