ماڵەكەت لەپێشوازیی میواندا

ماڵەكەت لەپێشوازیی میواندا
وێڕای ئەوەی پێویستە ماڵەكەت هەمیشە جوان و رازاوە بێت، هەروەها لەو كاتەی میوانان سەردانی ماڵەكەت دەكەن، یان كاتێك داوەتی كەسانی نزیك و خزمانت دەكەیت، پێویستە لەو كاتە ماڵەكەت جوانترین و شیكترین دیكۆری هەبێ، تەنانەت ئەو كاتانەی میوانێكی ناوەختت دێت، ئەو كاتە ئەوەندە كاتت نابێت كە ماڵەكەت پاك بكەیتەوە، هەر بۆیە ئەو هەنگاوانە بگرەبەر تا هەمیشە ماڵەكەت بۆ میوانان ئامادە بێت، هەنگاوەكانیش ئەوانەن: پێویستە هەمیشە بۆن و بەرامی ماڵەكەت خۆش بێت، هەر تەنیا دیكۆرەكەت گرنگ نییە، بەڵكو بۆنیش بەشێكە لەجوانیی ماڵ. هەوڵبدە رۆژانە نیوكاتژمێر بۆ پاككردنەوەی ماڵەكەت تەرخان بكەیت، تەنانەت ئەگەر خاوینیش بوو، بەڵام پێویستی بە چەند خولەكێكە تا پاكیان بكەیتەوە. دانانی مەركانەی گوڵی دەستكردو سرووشتی دەبێتە جێی سەرنجی میوانان و تەنانەت ئەگەر دیكۆرەكەشت رێك نەبێت، بە گوڵەكانەوە سەرنجیان رادەكێشرێت. هەوڵبدە ئەو شوێنانە هەردەم پاك رابگریت كە میوانان پێویستیان پێی دەبێت، وەك شوێنی دەست شووشتن، كەرەستەكانی ژووری میوان، رووناكی و كەل و پەلی خواردن.
Top