لە سەروبەندی چوونی قوتابیانی دەرچووی دواناوەندی بۆ قۆناغی زانكۆ، لەكۆلێژ و پەیمانگان، بەو هیوایەی لەژیانێكی تازەداو رێگەیەكی دیكەی بەدەستهێنانی بڕوانامەو زانست و زانیاری بەهەزاران خوێندكار دەبن، بەقۆناغی یەكەمی زانكۆكەكان، دێرزەمانە دیاردەیەك هەیە لەكاتی وەرگیرانی قوتابییە تازەكان، كە ئێستا بۆتە نەریتێك و لەهەموو كۆلێژو پەیمانگاكان دەبیندرێت. ئەو دیاردەیەش بانگهێشتن و پێدانی نازناوی (قاز)ـە بە قوتابییانی قۆناغی یەكەم، بەوەی كە تازەن و هیچ شوێن و بەشێك لە كۆلێژو زانكۆدا شارەزا نین. تەنانەت نەوەك تەنیا ئەو ناوەیان لێدەنین، لە رۆژانی خۆ تۆماركردن و دەستپێكردنی دەوامی رۆژانی سەرەتایی زانكۆدا، قوتابیانی قۆناغەكانی دیكە بە (قیق) بانگی قوتابییە تازەكان دەكەن، ئەو دیاردەیەش بە دوو لایەنەوە لێك دەدرێتەوە، یەكەمیان: وەك دیاردەیەكی قێزەوەن و كە لەئاستی قوتابیانی زانكۆدا نییەو كارێكی نەشیاوە، تێڕوانینی دووەمیش: شتێكی ئاساییەو بۆ خۆشییە، چونكە هەموو قوتابییەك بەو قوناغەدا تێپەڕدەبێت، ئەو بەزمە هەر تەنیا لەلای خۆمان نییە، بەڵكو لەزۆربەی زانكۆكانی جیهاندا ئەو كارە هەیە، بەڵام هەر یەكەو بەپێی نەریت و دیاردەی زانكۆكانەوەیە. بۆ نموونە: لە زۆربەی زانكۆكانی ئەمریكادا، كوڕان و كچان شێوە بەرگی كارتۆنی لەبەر دەكەن و گاڵتە بەقوتابییە تازەكان دەكەن، هۆكاری ئەوەی كە بۆچی قوتابییانی تازە بە قاز ناوزەند دەكرێن، ئەویش بریتییە لەوەی كە ئەگەر كۆمەڵێك قاز لەشوێنێك بۆ شوێنێكی دیكە بگوازیتەوە، قازەكان تەنیا سەیری شوێنەكە دەكەن و قیقە قیق دەكەن.