پشیلە پشیلەكان دەتوانن نزیكەی 100 دەنگی جۆراوجۆر دروستبكەن، لە كاتێكدا سەگەكان تەنیا 10 دەنگی جۆراوجۆر دروستدەكەن. ساڵانەش لە كیشوەری ئاسیا زیاتر لە چوار ملیۆن پشیلە دەكرێنە ژەمی خواردن، لەگەڵ ئەوەی بە شێوەیەكی بەربڵاو باوەڕ وایە كە میسرییە دێرینەكان یەكەم گەل بووبن پشیلەكە بكەنە ماڵی و لەگەڵ خۆیان تێكەڵی بكەن، ئەوا لە راستیدا كۆنترین پشیلەی ناسراو كە ماڵی كرابێت، دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە 9500 ساڵ بەر لە ئێستا ئەویش لە گۆڕێكی كۆندا و لە دوورگەی دەریای سپی ناوەڕاستی سایپرێس (قبرص) دۆزرایەوە. ئەمەش بە نزیكەی 4000 ساڵ پێش میسرییەكان بووە. لە ماوەی لێكۆڵینەوە گەورەكانی ئیسپانیا لە سەدەی 15یەم، پاپای هەشتەم (Innocent VIII)، فرمانێكی دەركرد دژی پشیلە و لێكیچواندن بە بوونەوەری شەڕانگێز و شەیتانی و مەترسیدار بەتایبەت رەنگڕەشەكان، هەزاران پشیلە بە زیندوویی سووتێنران، ئەو كۆمەڵكوژییەی پشیلەكان بووە هۆی زیادبوونی ژمارەی جرج و مشكەكان بە جۆرێك زیادبوون دەتووت تەقینەوەیەك روویدا، جرج و مشكەكان بوونە هۆكارێكی گەورەی بڵاوبوونەوە نەخۆشی تاعوون و كوشتنی ژمارەیەكی زۆر لە خەڵك. یەكەم پشیلە لە بۆشاییدا پشیلەیەكی فەڕەنسی بوو بەناوی (Felicette) و ناوزەندیش كرا بە (Astrocat) لە ساڵی 1963، بە مەبەستی لێكۆڵینەوە نێردرایە بۆشایی، ئامرازی ئەلیكترۆنی بچووك لە مێشكیدا چێنرابوو كە شەپۆل و ئاماژە كارەباییەكانی مێشكی بۆ زەوی دەناردەوە.