خانووی جاران لە ژیانی كوردەواریدا

خانووی جاران  لە ژیانی كوردەواریدا
كوردان لەزۆربەی كاری رۆژانەی خۆیان دەستڕەنگین و لێهاتوو بوون، جاران ژیان ئەوەندە پێشكەوتوو نەبوو، كە بە مانگێك باڵەخانەیەكی (5) نهۆمی دروست بكرێت. پێشتر ژیانی كوردەواری پڕ ئەرك و ماندووبوون بوو. زۆربەی كەلوپەل و كەرەستەیان هەر بۆ خۆیان دروستیان دەكرد، تەنانەت كۆشك و خانووش وەك ئەندازیارێكی بەتوانا كاریان بۆ كردووەو تەواویان كردووە. پێشتر خشتی قوڕ هەبوو، كە لاكێشەیی بوو، لە بلۆك گەورەتر و پانتر بوو، بەڵام هێندەی ئەو بەرز نەبوو. خشت لە گڵی سوور و كا دروست دەكرێ، درێژیی (40) سم و پانیی (20)سم بوو، دوای ئەوەی خۆڵە سووریان دەهێنا و لەگەڵ ئاوو كا تێكەڵیان دەكرد، ئەوجا دەیانشێلا تا دەبووە قوڕێكی پەیت، پاشان لە خشتبڕیان دەدا كە شێوەی لاكێشەیی بوو، ئینجا لەبەر هەتاویان دادەنا تا وشك دەبووەوە. بۆ سەرگرتنی خانووش سەرەتا كاریتە دادەندرا كە كۆڵەكە دارێكی ئەستوورە، دەشبوو ئاوڕێژ بێت و ئاو بە لایەكیدا بڕێژێت، پاشان بە داری باریكتر دارەڕایان دەكرد. پێشتر حەسیر دادەندرا، بۆ جوانی و نەخش بوو، لە گوندەكاندا دوای دارەڕا، قامیشیان دادەنا، كەبەریش هەیە كە جۆرە گیایەكی دڕكاوییە، ئەویش دادەندرا تا مشك و جرجە كوێرە نەتوانن بچنە نێو میچی خانووەكەوە، پاشان قوڕەپەست دەكرا تا وشك دەبووەوە. دواتر قاتێكی دیكە قوڕی لێ دەدەرا و بە دەست مارنج دەكرا، مارنجكردن واتە راستكردنەوەی سەربانی خانوو، ساڵانە سەربانی خانوو سواق دەدرێ، تا بەرگەی زستان و باران بگرێ، یان سەرەوەی خانوو بە مەشكانی دادەندرا، واتە لار بوو، بەم جۆرە، باران و ئاو كاری تێ نەدەكرد، چونكە لار و ئاوڕێژ بوو، پێشی دەگوترا خانووی جزیری، ئەوەی دیكەش شارستانی بوو كە سەرەوەی راست بوو.
Top