شێوازێكی دیكەی سێلفی دەركەوت

شێوازێكی دیكەی سێلفی دەركەوت
بەزمی سێلفی نابڕێتەوەو ماوە ماوە بۆنەیەكی تازەی ئەو شێوازە وێنەگرتنە دەردەكەوێت، تەنانەت وایان لە كۆمپانیاكان كردووە، كە كامێرا و بەشی ئەپلیكەیشنی تایبەتیش بە سێلفی ئامادە بكەن و لە نێو مۆبایلەكاندا چێی بكەن، ماوەیەك بەر لە ئێستا سێلفی لاپتۆپیش پەیدا بوو، ئەمجارەیان مۆدێكی دیكەی سێلفی دەركەوتووە، كە لەشێوەی (چەپڵە)وایە، واتە كاتێك وێنەكە دەگریت تۆ چەپڵە لێدەدەیت و مۆبایلەكەشت بە ئاسمانەوەیە و وێنەشت دەگرێت. ئەو كارە لەلایەن قوتابییەكی زانكۆ بە ناوی (مارۆن شنایدەر)ـەوە ئەنجام درا، كە خۆی لە ویلایەتی كارۆلینای باكووری ئەمریكا دەژی، كارەكەی بە بەنقەست نەبوو، بەڵكو مۆبایلی لە دەست كەوت و ویستی بیگرێتەوە و نەیتوانی، بۆیە دەستی لە یەكتردا، ئیدی ئەو شێوازە بووە جێگەی لاساییكردنەوە، ئەو شێوازە وێنەیە بە (های فایڤ – HI5) ناسراوە، تەنانەت هەندێ لە پرۆگرامەكانی كامێراكانی مۆبایل بە جۆرێك پرۆگرام كراون، لە كاتی چەپڵە لێدان و های فایڤیشەوە وێنە دەگرن.
Top