ئێكسسوارەكانت ئەوەندەی ماكیاژو جلەكانت بەسوودن بۆ جوانكردن و سەرنجڕاكێشانت، هەمیشە بەبێ ئێكسسوار مەبەو بەردەوام با بەشێك لە ئێكسسوارەكانت بەخۆوە بێت، چونكە جوانیی دەرەكی بە لەشولارت دەبەخشن، مەرج نییە تەنیا لە رێگەی جلەوە ستایلەكەت شیك بێت. ملوانكە یەكێكە لە جوانترین مۆدی ئێكسسوار، هەمیشە بەرچاوو دیارەو بەشی پێشەوەی بەرۆك و گەردن و مل دەڕازێنێتەوە. ئێستاش كە بەرەو وەرزی سەرما دەچین، ئیدی جلی تۆكمەو ئەستوور لەبەر دەكرێن، بۆیە رۆڵی ئێكسسوارەكان وەك جاران نامێنن و دەكەونە ژێر جلوبەرگەوە، هەر بۆیە ماركەی (سوزان كڵان – (Suzanne Kalan تازەترین مۆدی ئێكسسواری ئەو وەرزەی نمایش كرد، زۆربەی مۆدەكانی بریتییە لە ملوانكە درێژ و خاو، كە دەكەوێتە سەر سینگ و بەلای ملیشەوە بە نەرمی دەچەمێتەوە، هەندێكی دیكەش تەنیا تەلێكە لەناوەڕاستی بەرۆك دێتەخوارەوە، زنجیرەكەشی پڕ بە مل دەبێت، جۆری یەكەم بۆ زانكۆ و دەرچوون و دانیشتن هەڵدەبژێرێت و جۆری دووەمیش بۆ بۆنە و یادەكان لەمل دەكرێن.