ئەگەر سەیری ناونیشانەكە بكەیت، رەنگە تووشی سەرسوڕمان بیت لەوەی ئاخۆ چۆن دەبێ باڵەخانەی قۆپاو هەبێ، خۆ قوتوو، یان كەرەستەی ئاسن و ستیل نییە بچەمێتەوە و قۆپاو بێت، بەڵام ئەو حاڵەتە راستەقینەیەو دەكەوێتە زانكۆی مینسیۆتیا لە شاری مینابۆلیس لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ئەو باڵەخانە قۆپاوە ئێستا كراوەتەوە گەورەترین مووزەخانەی كەرەستەی كۆن و مێژوو، سەراپای باڵەخانە لە قوتووێكی قۆپاو دەچێت، وەك ئەوەی بەئەنقەست قۆپێنرابێتەوە. دیزانی ئەو باڵەخانە لەلایەن ئەندازیاری بەناوبانگی جیهانی (فرانك جێری) نەخشەی بۆ كراوە. دوای ئەوەی لەساڵی (1993) دیزاینی سەیرترین باڵەخانەی بە ناوی (ویزمان گەلەری) دروستكرد، تەنانەت كارەكانی لەسەر ئاستی جیهان رەنگی داوەتەوەو بە یەكێك لە گەورە ئەندازیارەكانی بواری دیزاین دادەنرێت، دواجار كۆتایی بەو كار ناوازە ئەندازیارییە هێنا، ئەو پرۆژەیە ماوەی (3) ساڵی خایاند تا بە ئەنجام گەیشت، بەشی سەرەوەی لە ستیل دروست كراوە، دەتوانی بە ئارەزووی خۆت بۆ هەر لایەك ئاراستەی باڵەخانە بسووڕێنیت.