بۆ زانیاریت: مێشوولە بۆ پێمانەوە دەدەن؟

بۆ زانیاریت: مێشوولە بۆ پێمانەوە دەدەن؟
چەندین جار بینیوتە، یان روویداوە كە لە ژوورێكدا یان شوێنێكدا كاتێك لەگەڵ چەند كەسێكی دیكەدای، مێشوولەیەك لە ناو ئەواندا تۆی هەڵبژاردووەو بە پێوەدانەكانی بێزارت دەكات، یان بە پێچەوانەوە مێشوولەكە ئەوانی تری هەڵبژاردووەو دەسبتەرداری تۆ بووە. بۆ شیكردنەوەی ئەم دیاردە لێكۆڵەرانی بەریتانی لە ساڵانی پێشوو هەستان بە لێكۆڵینەوە بۆ شیكردنەوەی ئەم حاڵەتە. هەرچەندە لێكۆڵینەوەكانی پێشتر هۆكاری ئەم دیاردەیەیان دەگەڕاندەوە بۆ هەندێ شت وەك جیاوازی گروپی خوێن، یان جۆری ئەو بەكتریای بە جەستەی مرۆڤەكەوەیە، یان بونی گازی دوان ئۆكسیدی كاربۆن كە لە كاتی هەناسەداندا دەری دەكات، بەڵام ئەم لێكۆڵینەوە نوێیە هۆكارەكە دەگەڕینێتەوە بۆ جینات، بەتایبەت بۆنی جەستە، كە لە بنەڕەتدا پشت دەبەستێت بە DNA. بۆ سەلماندنی ئەمەش زاناكان هەستان بە تاقیكردنەوە لەسەر كۆمەڵێك ئافرەت. كە دابەشیان كردن، 18 جووتی هاوشێوە « واتە DNA یان هاوشێوەیە - دووانە «، لەگەڵ 19 جووتی ناهاوشێوە « واتە DNA یان جیاوازە» . تاقیكردنەوەكەش پشتی بەستبوو بە راكێشانی مێشوولەكان بۆ نموونەی ئارەقی دەستەكانیان «وەك سەرچاوەی بۆنی جەستە».لە تاقیكردنەوەكەدا دەركەوت كاتێك مێشوولەكە بۆنی ئارەقی دەستی یەكێك لە كچە جووتە هاوشێوەكان رایدەكێشا بۆخۆی، ئەوا بە خێرایی دەیتوانی بۆنی ئارەقی دەستی كچەكەی دیكەی هاوشێوەی بكات، كە ئەم حاڵەتەش لەلای كچە جووتە ناهاوشێوەكان زۆر بە كەمی رووی دەدا.
Top