فیستیڤاڵی هەنار لە كوردستان

فیستیڤاڵی هەنار لە كوردستان
ساڵانە چەندین فیستیڤاڵی خواردن و خۆراك لە زۆربەی وڵاتانی جیهان دەكرێنەوە، خۆ هەر تەنیا فیستیڤاڵەكان بۆ كەرەستە و كەلوپەل و نمایش و جووڵە و سێرك نین، بەڵكو زۆربەی جاریش بۆ خواردن و خواردنەوە تەرخان دەكرێن. كوردستانیش هاوشێوەی وڵاتان، ماوە ماوە فیستیڤاڵی جوان لە ئامێز دەگرێ، ماوەیەك لەمەوبەر فیستیڤاڵی خواردن لە هەولێر بەڕێوەچوو، ئەمجارەیان فیستیڤاڵی هەنار لە شاری هەڵەبجە كرایەوە، فیستیڤاڵی ئەوجارە بە دووەمین فیستیڤاڵی هەنار بۆ بەرهەمە خۆماڵییەكانی پارێزگای هەڵەبجە دادەنرێت، بە بەشداریی میوانان و جەماوەرێكی زۆرەوە قڕدێلەی فیستیڤاڵەكە كرایەوەو چەندین میوە و خواردن و بەرهەمی خۆماڵ نمایش كران. وەكو دەزانین هەناری هەڵەبجە و هیران و نازەنین، خۆشترین و بەچێژترین هەنارە، چونكە دەنك و رەنگی هەناری ئەو دەڤەرانە جوان و خۆش و بەتامن، جگە لە هەنار كە فیستیڤاڵەكەی بەناو بوو، هەروەها ئەو بەرهەمە كشتوكاڵییانەی ئەمساڵیش نمایش كران، ئەوانیش بریتی بوون لە (گوێز، زەیتوون، ترێ، شێلم، سەوزە، هەنجیر، مێوژ، خەیار، تەماتە، سركە و دەنكەهەنار)، جگە لە میوە و سەوزە هەروەها بەرهەمە خواردنەوە و خواردەمەنیەكانیش لە فیستیڤاڵەكەدا نمایش كرابوون، كە بریتی بوون لە: (شەربەتی مێوژ، شەربەتی هەنار، هێلكەی خۆماڵی، تەڕەساز، ساوەر، قەرەخەرمان، دۆینە، یاپراخ، ڕووبەهەنار، هەنگوین، شیرەمەنی)، هەروەها چەندین كاری دەستیش لە ڤیستیڤاڵەكەدا نمایش كران وەك: (كڵاش، شاڵ، ڕستن و چنین، تابلۆ، فۆتۆ، سیرامیك)، فیستیڤاڵەكەش بووە جێگەی خۆشحاڵی ئامادەبووان، هەروەها بەشێكی زۆری ئەو خواردن و خواردنەوانە كە لە فیستیڤاڵەكەدا نمایش كرابوون، لەلایان میوانانەوە نۆش كران.
Top