خۆشی و شادی نێوان هاوسەران بە سەروەت و سامان كۆشك و تەلار نییە، ئەوەتا ئەو دوو هاوسەرە تەمەنێكە لە نێو ئەشكەوتێكدا دەژین، بەبێ ئەوەی هەست بە بێزاری و دڵتەنگیش بكەن. ئەو دوو هاوسەرە لە وڵاتی چین دەژین و ناویان (لیانگ زیفۆ)ی تەمەن 81 ساڵ و هاوسەرەكەی (لی سوینگ)ی تەمەن 71 ساڵە كە لە ئەشكەوتێك دەژین دەكەوێتە ناوچەی (نانشۆنگ) و ماوەی (3) ساڵە لەو ئەشكەوتە دۆزراونەتەوە، ژیانێكی سادە و ساكار و سرووشتییان هەیە، كاتێك لە پیاوەكەیان پرسیوە ئاخۆ چەند ساڵە لەو ئەشكەوتە دەژین، ئەویش بە پەرۆشەوە گوتوویەتی: ماوەی (51) ساڵە لێرە دەژین. تەنانەت كۆمەڵێك گیاندار و باڵندەیان هەیە، كە وەك سەرچاوەیەكی خۆراك سوود لە بەرهەمەكانیان وەردەگرن، ئەشكەوتەكەیان بە جۆرێك رێكخستووە وەك ماڵێكی ئاسایی وایە، پێكهاتووە لە (3) ژوور و ژووری چێشت و دانیشتنی هەیە.