شێوازی جلوبەرگی ماركەكان بۆ وەرزی پاییز

شێوازی جلوبەرگی ماركەكان بۆ وەرزی پاییز
وەرزی پاییز بە ناوازەترین ساتە جوانەكانی ساڵ دادەنرێت، ئەگەرچی لەو وەرزەدا گەڵای دارەكان هەڵدەوەرێت، بەڵام ئاسۆی مۆدە و جلوبەرگ دەگەشێتەوە، بەهۆی ئەوەی لەو وەرزەدا تیشكی هەتاو كزتر دەبێت، بۆیە پسپۆڕانی جوانكاری مۆد و بەرهەمەكانیان لەو وەرزەدا نمایش دەكەن. دوایین نمایشەكانی جلوبەرگی پاییزی ئەمساڵ بریتی بوو لە نمایشی (مایسۆن مارگیلا - maison margeila) هەروەها مۆدە سەیرەكانی شانێلیش ئەسپی خۆی تاو دا، دیزاینەر (كارلا گارفیڵد) لە ماركەی شانێل (CHANELL)، پێیوایە كە لە وەرزی پاییزدا زیاتر بایەخ بە جلوبەرگی كلاسیك بدرێت، كە زیاتر رەنگی رەشی كردۆتە مۆدی سەرەكی بۆ ئەو وەرزە، بەتایبەت ئەو جلانەی لە بەشی سەرەوە وەك سینگ و سەردەستەكانەوە بە نەرمی و خاوی دیار دەبن، هەروەها لە ناوەڕاستی جەستەدا، بە تەسكییەوە دیار دەبن، زیاتریش جەختی كردۆتە سەر پانتۆڵ، چ جینز، یان قوماش بێت. لەلایەكی دیكەوە مۆدەكانی دیۆر (DIOR) تیشكیان خستۆتەسەر جلی سادە، كە دوور بێت لە نەخش و هێلكاری، بایەخیان بە رەنگەكانی (رەش و سپی و قاوەیی) داوە، مەرجیشە جلی پاییز ئاراستەیەكی كلاسیكیشی پێوە دیار بێت. ماركەی جیورجیۆ ئەرمانی (GEORGO ARMANI) پێیوایە جلی (تایۆرات و سویت)، واتە هەردوو مۆدی جلی درێژ و چاكێت، باوی وەرزی پاییز دەبن، بە مەرجێك رەنگەكانی لە رەنگی تۆخ نەبن و رەنگە كاڵەكان بكرێنە رەنگی سەرەكی بۆ جلی پاییز.
Top