كڵاش پێڵاوێكی كوردی رەسەنە و مێژووی هەژمار ناكرێت و بە كەرەستەیەكی بەسوود و جوانی كوردەواری دادەنرێت، چەندین جۆر كڵاش هەن، بەڵام جۆرە باشترینەكانیان زیاتر باون و خەڵك داوای دەكەن، هەندێك دەڵێن بەر لە سەردەمی زەردەشتی كڵاوشی بەكارهێناوە، مێژووی كۆنە و دەگەڕێتەوە بۆ پێش زایین، لە مانگی 5 تا مانگی 10 كڵاش لە پێ دەكرێت، رەنگی كڵاش بەهۆی ئەوەی سپییە، زوو زوو رەنگەكەی لە دەست دەدات و بۆر و رەش دەبێت، بۆیە پێویستی بە سپی كردنەوە هەیە. وەستای كڵاش، زۆر هیلاك و ماندوو دەبێت تا كڵاشێك دروست دەكات، تەنانەت ماوەی (5) رۆژی دەوێ و دەبێت زیاتر لە وەستایەك كاری لەسەر بكات، كە هەر یەكە كاری خۆی دەكات وەك یەكێكیان پەرۆكە دەگرێت و ئەوەی دیكەش ژێرەكەی و نیو ژێرەكەی، دەوری كڵاشەكە و سەرەوەشی تەواو دەكرێت. زیاتر ئافرەت دەیچنێت، كاری دروستكردنی ژێرەكەی قورسترە لە بەشی سەرەوە، بە گشتی كڵاش لە دوو بەش پێكدێت، بەشی یەكەمی ژێرەیە كە لە پەڕۆی خام دروست دەكرێت و بەشی دووەمیشی سەرە كە لە دەزوویەكی ئەستوور كە لە لۆكە دروست دەكرێت، پێدەگوترێت پەرگ، بە (5) قۆناغ دروست دەكرێت، سەرەتا پێكەنە و دواتر كڵاش دروستی دەكات و پەرگمە، پاشان چنین كە دەور دەكرێت و پاشان ساراچن دەكرێت، لە كۆتایی كڵاشەكە تەواو دەبێت و ئامادە دەبێت. جاران و ئێستاش سپی كردنەوەی كڵاش بە ماددەیەكە پێدەگوترێت (مشكی)، ئەو مشكییە لە سووتاندن و ئاگردانی پاشماوەی ئاژەڵ وەك (قشپل)، دەمێنێتەوە، تۆزێكی رەشە و دوای ئەوەی كڵاشی بۆر یان پیس دەهێنرێت و پاك دەكرێتەوە، بە مەرجێك دەبێت هەندێك تەڕ بێت، پاشان مشكی پێدادەكرێت یان دەخرێتە ناو مشكی، تەنیا بەشی سەرەوەی سپی دەكرێتەوە، پاشان دەهێڵدرێتەوە و دواتر كڵاشەكە دادەوەشێنرێت، هەندێ لە وەستاكانیش تەباشیر و دەرمانی تازەیان بۆ سپی كردنەوەی كڵاش بەكاردەهێنن، بەڵام هیچیان ئەوەندی مشكی جوانتر و سپیتری ناكات.