ماوەیەك هەندێ جلی ناوماڵ لە رووی نەخش و دیزاینەوە ببووە مۆدی جلی دەرەوەش، وەك بیجاما و تراكسووت و پانتۆڵ، دواجار مۆدی كراسی درێژ و شێوازی كراسی بێجاماش دەركەوت، بەڵام ئاخۆ خانمان دەتوانن ئەو جۆرە جلە بۆ دەرەوە لەبەر بكەن؟! ئەو شێوازە جلە بە مۆدێكی تازەی باو دادەنرێت و زۆربەی خەڵكیش لەبەری دەكەن. سەرەتای ئەو بیرۆكەیە لەلایەن بێژەرێكی تەلەفزیۆنی لە بەریتانیا بە ناوی (ڤێرن ماكان) بوو، كە جارێكیان درەنگی دەبێت و ئیدی بە جلەكەی ماڵەوە و تەنیا چاكێتێكی لەسەر لەبەر دەكات و دەچێتە شوێنی كارەكەی، كە لە رێگادا چەندین وێنەیان لەلایەن رۆژنامەنووسانەوە گیرابوو، پاشان جلەكەی بووە مۆدێل. هەر بۆیە دواتر لەلایەن ماركەی (دوروتی پێركنز) ئەو شێوازە جلەی زیاتر باو كرا، هەروەها ماركەیەكی دیكەش بە ناوی (PJ) كە تەنیا ئەو جۆرە جل و بەرگە بەرهەم دەهێنێت، لەم كارە بەردەوام بوو، تا وای لێهات بووە مۆدێكی تازەی نێو جل و بەرگ، كە بە جلی بیجاما (Pajama یان Pijama) ناسراوە، تەنانەت چەندین بەرهەمی دیكەشی لێ دابین كراوە، وەك كراس و پانتۆڵ و چاكێتی بیجاما.