رۆژ بە رۆژ داهێنان لە بواری وێنەكێشان و پەیكەرسازی لە پێشكەوتندایەو ماوە ماوە بەرهەمی تازە دەردەكەون كە جێگەی سەرنجی هەمووان دەبن. مەرج نییە وێنە و پەیكەر و تابلۆكان، تەنیا لەسەر كانڤاس و كاغەزی زەیتی بێت، ئەوەتا بەهرەمەندێكی پورتوگاڵی ئەو بیرۆكەی شكاندووە كە پەیكەر و وێنەی لە كەرەستەیەكی جیاوازدا كێشاوە و دروستی كردووە، ئەو هونەرمەندە ناوی (ئارتۆرۆ بۆردالۆ)یە و بە جیهانی بۆردالۆ ناسراوە. بیرۆكەیەكی سەیری بۆ هاتووە كە سوود لە كەرەستەكانی فڕێدراو ببینێت، وەك كەرەستە و كەل و پەلی بێكەڵك و خۆڵ و خاشاك، كۆمەڵێك پەیكەر و وێنەی جۆراوجۆری دروست كردووە، زیاتر وێنەكانیش لەسەر دیواری باڵەخانەكانی شوێنە گشتییەكاندا دانراون، تا ببێتە تابلۆ و وێنە و پەیكەرێكی گشتی، ئەو وێنەكێشە كارەكانی لە شاری (كۆڤیلا)ی وڵاتی پورتوگاڵ نمایش كردووە، بەرهەمەكانیشی بۆتە جێگەی سەرنجی خەڵكی شارەكە و گەشتیاران و جیهانیش.