جەنتا رەشەكەی كەسایەتییە سیاسی و بازرگانەكان و هونەرمەندان و یاریزانان، هەمووانی سەرقاڵ كردووە ئاخۆ چی لەناو ئەو جەنتایانەیاندا هەبێت، زیاتریش بیرۆكەمان بۆ پارە و پوول دەچێ، بەڵام لە راستیدا وانییە و جگە لە بەڵگەنامەی نهێنی و چەند كۆد و ئامێر و كاغزێك، هیچی دیكەی تیا بەدی ناكەیت. جەنتا رەشەكەی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا (باراك ئۆباما)، هەمیشە لەلایەن پاسەوانێك، یان بە دەست خۆیەوە دەبێت، ئەو جەنتایە ناوی (جەنتای تۆپی ناوەكی - Nuclear Football Case ) دەناسرێت، لەم جەنتایەدا چەند كۆدێك و بەڵگەنامەیەكی تێدایە، كە تەنیا سەرۆك دەتوانێت ناوەوەی جەنتاكە ببینێت و بەكاریانبهێنێت بۆ كاری تایبەت و لێدانی ناوەكی و ناردنی كۆد و ژمارە. جگە لەوانەش (4) كەرەستەی دیكەی تێدایە كە ئەوانەن: كتێبیێكی رەش لە (75) ڵاپەڕە پێكهاتووە دەربارەی جەنگی ناوكی، كتێبێكی دیكەش دەربارەی شوێنەكانی نیشتەجێی سەرۆك لە كاتی جەنگدا، هەروەها نامێلكەیەك بە ناوی (مانێلا)ی (10) لاپەڕەیی دەربارەی چۆنیەتی راگەیاندنی باری نائاسایی، هەروەها كارتەكانی دڵنیاكردنەوە لە كۆد و ژمارەی تایبەت بە سەرۆك.