دەستڕەنگینی رستن و چنینی ئافرەتان لە كوردستان

دەستڕەنگینی رستن و چنینی  ئافرەتان لە كوردستان
چ لە كۆن و چ لە رۆژگاری ئەمڕۆمان هەمیشە ئافرەتانی كورد بە دەستڕەنگینی و لێهاتوویی لە كارەكانیان ناسراون. لە ژیانی كوردەواریشدا زۆرجار دەبینین كە خانمان كاری ناوازە دەكەن، بیرۆكەی ئەو بەرهەمانەشیان لەلایەن خۆیانەوە داڕشتووە و كاریان بۆ كردووە، نموونەی ئەو كارە جوانانەش ئەو دوو خوشكە دەستڕەنگینەن كە تەنیا بە فێربوون و حەز و خولیای خۆیان، توانیویانە كۆمەڵێك بەرهەمی رستن و چنین بە دەستە رەنگینەكانیان بچنن و دروست بكەن. (جوان و ئیلاف)، ئەو دوو خوشكەن و دوای ئەوەی كۆمەڵێك بەرهەمی خۆیان ئامادەكرد، پیشانگایەكی بچووكیشیان بۆ كارەكانیان كردەوە، بەرهەمەكانیشیان بریتیی بوون لە: جلوبەرگ وەك شاڵ، كڵاو، جانتای گەورە و بچووك، دەستەوانە، ملپێچ، هەروەها كەرەستەكانی دیكەی ماڵ وەك پێداویستییەكانی چێشت وەك ژێر قۆری، ژێر پیاڵە و كووپ، دەستگر، هەروەها چەندین ئێكسسواری ناسك و جوان وەك دەسبەند و ملوانكە و بازن كە زۆربەیان لە زەنگیانە و موروو و نقێم دروست كراون. (جوان) دەڵێ: «ماوەیەكی زۆرە خولیای ئەو كارەم، هەر چۆنێك بێت خۆم فێركرد، كەرەستەكانمان ناسك و سادەن، زۆربەی لە سووف و پەموو و فیزۆن دروست دەكەم، ئەگەرچی كاتم زۆر دەبات و پێوەی ماندوو دەبم، هەندێ جار تەنیا بۆ جەنتایەك (2) كاتژمێرم پێدەوێت تا تەواوی دەكەم، چنین و رستنەكەشم بە (سنارە) دەكەم، چونكە بە شیش كارەكە قورسترە.» گوتیشی: «بیرۆكەم هەیە لە داهاتوودا كارەكەم گەورەتر بكەم و پیشانگای تایبەتیش بكەمەوە، كارەكەشم بۆتە جێگەی سەرنج و دڵخۆشی خەڵك و بەردەوامیش ستایشمان دەكەن.»
Top