بە جوانترین پێكهاتەی جوانی دیكۆری ماڵ دادەنرێ، كە بە هەموو رەنگ و شێوازێكەوە جوانی دەبەخشێتە ئەو شوێنەی لێی دادەنرێ، ئەگەر چی لە پێشوودا دەگوترا، تەنیا دەبێ لە وەرزی سەرما و زستان دابنرێت، كەچی لە ستایلی دیكۆری ئێستادا لە هەموو وەرزەكان دادەنرێ، ئەو كەرەستەیەش بریتییە لە (مافوور و رایەخ)، ئەوەی لە نێو خەڵكدا بە موكێت ناسراوە، ئێستا لە هەموو كاتەكاندا، دەتوانن رایەخ و مافوور لە ماڵەكەتاندا دابنێن، بەڵام دەبێ ئەوە بزانین كە ئەوانەی لە وەرزی زستاندا دادەنرێن، هەمان ئەو رایەخ و مافوورانە نین كە لە وەرزەكانی دیكەدا وەك هاوین و پاییز دادەنرێن، چونكە لە پێكهاتە و شێواز و رەنگیشدا جیاوازی هەیە، ئەوانەی لە زستاندا دادەنرێن، زیاتر ئەستوور و پێكهاتەیان پتەوە، بە پێََچەوانەی ئەوانەی لە هاویندا هەن، تەنك و فێنك و گەرم نین، چونكە ئەگەر لە وەرزی هاویندا، ژێرەوەی دیكۆری ماڵ، یان زەوی ماڵ سادە و ساكار بێت، دیمەنێكی نەشیاوی دەبێ، ئەوانەی حەز ناكەن لە هاویندا مافووری گەورە و رایەخی پڕ بە ژوورەكان دابنێن، خۆ دەتوانن رایەخی بچووكی نێوان قەنەفە و ژێر مێز و كورسی لەگەڵ دیكۆرەكەیان جێگیر بكەن، بەهۆی ئەوەی ئەو رایەخ و مافوورە بچووكانە، بۆ ساردی و گەرمی نییە، بەڵكو تەنیا بۆ جوانكردنی دیكۆری ژوور و ماڵە، هەڵەترین شت ئەوەیە كە دوو مافوور یان رایەخ و موكێت لەسەر یەكتر دابنرێن هەر یەكە دیمەن و رەنگی ئەوەی دیكە دەبات، دەبێ رەنگی موكێت و مافوور، لەگەڵ رەنگی دیكۆر نزیك بێت، نابێ هەمان رەنگ بێ، بەڵكو چاكترە لە رەنگەوە نزیكی یەكتر بن.