رێزگرتن لە مرۆڤ، چ لە ژیاندا بێت، چ مردوو بێت، گوزارشت لە كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتوو و یەكگرتوو دەكات، ئەگەرچی ئەوانەی لە ژیاندا نامێنن، نابێ یادیان نەكرێنەوە و پشتگوێ بخرێن، چونكە رۆژانێك خزمەتی خێزان و نیشتمان و دەوروبەری خۆیان كردووە، بەڵام لەلای ئەو هۆزە ئەندەنووسییە، رێزگرتن لە مردووانیان جیاوازە و رێگایەكی دیكەی هەیە. ناوی ئەو هۆزە (دانی تریب)ـە و سەرۆك هۆزەكەیان ناوی (ئیلی مابێل)ـە و گوندی (ووگی) لە ناوچەی وامینا كە دەكەوێتە رۆژئاوای هەرێمی (پاپوا نیوگەینی)، ئەو هۆزە مردووەكانیان نانێژن، بەڵكو مومیایان دەكەن و هەڵیاندەگرن، ماوە ماوەش نمایشیان بۆ دەكەنەوە، ئەو هۆزە لە ساڵی (1938) دۆزراونەتەوە و ساڵانەش گەشتیاران سەردانیان دەكەن.