گوڵ و گوڵزار لە دیكۆری ماڵەكەت جێگە بكەرەوە

گوڵ و گوڵزار لە دیكۆری ماڵەكەت جێگە بكەرەوە
لە وەرزی هاویندا، گرنگە خانمان بتوانن چۆن گرنگی بە دیكۆری ماڵ و جوانكاری ئێكسسوار و كەرەستەكان بدەن، چونكە لەو وەرزەدا، بەهۆی بەرزبووبوونەوەی پلەكانی گەرما، رەنگە نەتوانی ئەوەندە خەریكی كاری ماڵ بیت، بۆیە دەبێ سەرەتای ئەو وەرزە دیكۆرەكەت ریك و شیك بكەیت، تا لە داهاتوودا رازاوە و سەرنجڕاكێش بێت، تەنانەت بە رێگەیەكی ئاسان دەتوانی بۆنی ماڵەكەت خۆش و بەجۆش بكەیت و هەروەها دیمەنێكی خنجیلانەش بە دیكۆرەكەت ببەخشی، ئەویش تەنیا بە دانانی گوڵ و گوڵزاری بچووك و وردە، هەنگاوێكی جوانە كاتێك زۆربەی قوژبنی ماڵەكەت بە گوڵ رازاوە بێ، بەر لە دانانی گوڵ و گوڵزاری رەنگاورەنگ چەند رێنماییەكی گوڵدانان هەن، وا چاكە بیزانیت تا ئەگەر ویستت كۆمەڵە گوڵێك لە ماڵەكەت دابنێ بە شارەزایی و لێهاتوویی كارەكە بكەیت :
- سەرەتا شوێنێك دیاری بكە تا گوڵەكەی لێدادەنێت، هەندێ گوڵ هەن پێویستیان بە رووناكی و تیشكی خۆرە، بۆیە دەبێ لە نزیك پەنجەرەوە بن، هەندێكی دیكەش بەبێ تیشكی خۆریش گەورە دەبن، ئەوانە دەتوانی لە ژوورەوە دابنێت.
- گرنگە بزانیت كە شێوەی گوڵدان و مەركان پابەندە بەو شوێنەی لێدادەنرێ، ئەگەر مەركانێكی بچووكت لەسەر مێزێكی گەورە دانا، ئەوكاتە مەركانەكە ئەوەندە دیار نابێ، یان ئەگەر گوڵدانێكی گەورەت لە شوێنێكی تەسك و لەسەر مێزێكی بچووك دانا، بێگومان دیمەنەكەی نەشیاو دەبێ.
- تا دەكرێت گوڵدان و مەركان، لە ناوەڕاستی دیكۆری ماڵەكەت دابنێ، با لە هەر چوار لایەوە دیار بێت، چونكە جوانی گوڵ و گوڵزار لە هەر لایەك سەیری بكەیت، جوانی خۆی دەبەخشێ، بۆیە تا دەكرێ با شوێنەكەی دیار و بەرچاو بێت.
- پسپۆرانی دیكۆر دەڵێن، واچاكە گوڵ و گوڵدان لە ئاستی بینینی چاو بێت، ئەگەر مرۆڤێك دانیشتبوو، واتە بەرزیی دانانی شوێنی گوڵ زیاتر نەبێت لە مەتر و نیوێك، تا ئەوانەی دەیبینن بە سانایی تەماشای بكەن و چاویان ماندوو نەبێت.
- ئەگەر ئەو گوڵەی دەتەوێت لە شوێنێكی دابنێ، بەپێی بچووكی و گەورەیی جێگەیان بكەوە، بۆ نموونە، ئەگەر گوڵەگە گەورە و مەركانەكەشی گەورە بچووك بوو، دەتوانی لەسەر مێزێكی بچووكی دابنێ تا شێوەی زیاتر بەرچاوتر بێ، ئەگەر گوڵەكە و مەركانەكە گەورە بوو، دەتوانی لە زاویەیەكی دابنێ و كە لە دیوارەوە نزیك بێـت.
- لەگەڵ دیكۆری مۆدێرنی ماڵ، هەردەم رەنگی گوڵی رەنگی كراوە بەكاربهێنە، وەك گوڵی پەمەیی و سپی و سوور، بەڵام لەگەڵ دیكۆری كلاسیكدا، رەنگی تۆخ هەڵبژێرە وەك، وەنەوشەیی، بێجی، سوور، زەرد و پرتەقاڵی.
Top