زۆربەی خانمان دوای ماوەیەك لە راهاتن و راهێنانی ماكیاژ كردن ئیدی ئاشنای شێواز و جۆرەكانی رەنگی ماكیاژ دەبن و لە كاتێكی كەمدا دەتوانن ئەو رەنگە هەڵبژێرن بۆ ماكیاژەكەیان، بەڵام هەڵبژاردنی رەنگ بۆ جل و بەرگ دوو ئەوەندە قورسترە لەوەی بۆ ماكیاژێك بێت. كاتێك پێویستت بە دەستنیشانكردنی رەنگێكە بۆ جلەكەت، هەمیشە دوودڵ و نیگەران دەبیت، بەوەی كە ئاخۆ چ رەنگێك لەگەڵ مۆدی جلەكانت و ئەو وەرزەی تیایدایت دەگونجێت، بۆیە واباشترە رێنماییەكانی پسپۆڕەكانی جوانكاری پەیڕەو بكەیت، ئەو كاتەش چ گرفتێكت بۆ دروست نابێت و جلەكەشت لە رەنگێكی شیكدا هەڵدەبژێریت. لە وەرزی هاویندا، هەمیشە لە رەنگە دژەكان دووربكەرەوە كە بەیەكەوە لەبەر دەكرێن وەك : زەرد و شین، یان سوور و سەوز. كاتێك ئەو رەنگانە لەیەك جلدا دەبن، دەبێتە هۆی نەشیاوی جلەكەت، هەروەها رەنگی پێستیشت دەمژێت و ونی دەكات، هەندێك رەنگی دیكەش هەن، كە رەنگدانەوەی تیشكی هەتاون، ئەوانیش جوانیت دەشێوێنن، وەك: سەوز و پرتەقاڵی، یان سوور و پرتەقاڵی، هەوڵدە هەمیشە رەنگەكانی (سوور و شین و زەرد) بە تەنیا لەبەر بكەیت. كاتێك رەنگێك بۆ جلەكەت هەڵدەبژێریت، تێبینی رەنگی پێستیشت بكە، هەروەها رەنگی چاو و ماكیاژیشت لەبەرچاو بگرە. بۆ جلێكی شیك، هەمیشە گرنگی بە رەنگەكانی (رەش و سپی و رەساسی) بدە ئەگەر جلەكەت سادە بوو.