ماوەیەكە لە زۆربەی شوێنە گشتییەكان، فرۆشگەی تایبەت و رەنگاوڕەنگ و پڕ گوڵ و گوڵزار دەبینین، كە وەك باخچەیەكی بچووكن و تیایدا چەندین جۆرە گوڵ و گوڵەباخ دادەنرێت، خەڵكیش بە مەبەستی دیاری و گوڵ پێشكەشكردن روو لەو فرۆشگایانە دەكەن و گوڵێك بە دیاری بۆ خۆشەویستان و دۆست و كەسانی نزیكیان دەبەن. جاران گوڵفرۆش هەبوو، لە زەمبیل، یان سەبەتەكەی دەستی، كۆمەڵێك گوڵی بۆندار و رەنگاوڕەنگی دادەنا، بەڵام ئێستا زۆر برەوەی پەیدا كردووە و دووكان و پیشانگەی بۆ تەرخان دەكرێ. شوان لە شوێنی گوڵفرۆشتن كاردەكات و دەڵێ: ژینگە و كەشی كوردستان لە بار نییە تا ئەو جۆرە گوڵانە لێرە بڕوێندرێت، چونكە هاوینی كوردستان زۆر گەرمە و زستانیشی ساردە. گوتیشی: ئەو گوڵانەی لێرە هەن، لە وڵاتانی كینیا و هۆڵەندا و ئیكوادۆرەوە لە رێگەی فڕۆكەخانەوە دێن. زیاتر ئەو گوڵانەشی كە باون و بۆ دیاری و پێشكەشكردن دەبرێن وەك مەركان و گوڵدان لە ماڵەكاندا دادەنرێن چەند جۆرێكن، لەوانە: گوڵی باخ (رۆس)، لیلیۆم، كەلایۆر، ژێربێرا، مەریەم، لیسانتۆس، ئارستریۆنە، هەروەها جوانیی گوڵیش هەر تەنیا گوڵەكان نین، بەڵكو گەڵا و پەلكەكەشی لە دیزاینی گوڵدا چێ دەكرێن، ئێستا گوڵ و گوڵزار وەك دیاری دەبردرێن، زیاتر بۆ خۆشەویستان و كەسانی نزیكە و لە بۆنە و یادەكان پێشكەش دەكرێن، هەروەها لە ئاهەنگ و زەماوەندی بووك گواستنەوەشدا ئامادەدەكرێن، بەم دواییە هۆڵێكی ئاهەنگگێڕان بە دیزاینی گوڵی سرووشتی رازاوەتەوە، بایی (75) وەرەقە دۆلار بووە، نرخی گوڵیش زۆر نییە، بەڵام بە كۆمەڵ و دیزاینەكەشی زیاتر دەوەستێت، لە ئێستادا زیاتر دیاری گوڵ لە جیاتی شیرینی و خواردن بۆ نەخۆش دەبردرێت، هەروەها ئاشقان و خۆشەویستانیش بۆ دۆستەكانیان وەك دیارییەك گوڵ پێشكەش دەكەن، باوترین داواكاری رەنگی گوڵیش، رەنگی سوورە.