جووتیارێك هەبوو هەستی كردبوو كە وادەی مردنی هاتووە، بۆیە منداڵەكانی بانگ كرد و پێی گوتن: ڕۆڵەكانم ئاگاداربن دەست لە زەویی باب و باپیرانتان هەڵنەگرن، چونكە زێڕێكی زۆری تێدایە، شوێنی زێڕەكە پێ نازانم، بەڵام دڵنیام ئەگەر بە وردی و بە باشی زەوییەكە بكێڵن و چاكی بكۆڵن ئەوە زێڕ و زەبەندەكە دەدۆزنەوە. نابێ هیچ شوێنێكی تێدا بەجێبهێڵن و هەموو شوێنێكی بپشكنن تا دەیدۆزنەوە. منداڵەكان پاش ئەوەی باوكیان مرد، كێڵگەكەیان سەرتاسەر كێڵا، ئەم لاو گەڕان، جێگایەك نەما نەیپشكنن، بەڵام زێڕیان نەدۆزییەوە و تەنیا نامەیەكی باوكیان دۆزییەوە كە تیایدا نووسیبووی: رۆڵەكانم ئەو بەرهەمەی ئێستا دەستتان دەكەوێ، ئەوە زێڕەكەیە و سوودی لێی وەربگرن.