لە ماوەی (5000) ساڵی رابردوودا گۆڕانكارییەكی گەورە لە جینەكانی مرۆڤدا روویداوە، كە (100) هێندە زیاترە لە گۆڕانكارییە جیناتەكانی پێشوو لە لاشەی مرۆڤدا، مرۆڤەكانی ئەم سەردەمە جیناتەكانیان جیاوازترە لەو مرۆڤانەی كە (5000) ساڵ پێش ئێستا ژیاون، مرۆڤەكانی (5000) ساڵ پێش ئێستاش جیناتەكانیان جیاوازتر بووە لەو مرۆڤانەی (4000) ساڵ پێش ئەوان ژیاون. بۆیە بێگومان ئێمەی مرۆڤیش تووشی پەرەسەندن بووین لە رووی رەنگ و شێوە و روخسار و هەست و سۆز و رەفتار و ..هتد. ئەو مرۆڤانەی 10000 ساڵ دوای ئێمە دێن، گەر ژیان تا ئەو كاتە بەردەوام بوو، ئەوا بێگومان ئەوانیش دەگۆڕێن و زۆر جیاوازتر دەبن لە ئێمە. زۆرجار وێناكردنی پێشكەوتن بە ریزبەندی بوونەوەرەكان كە بە شیمپانزی دەست پێدەكات و بە مرۆڤ كۆتایی دێت، وە ئەم جۆرە وێناكردنە چەندان شێوەی تێگەیشتنی هەیە كە دەشێت یەكێك بێت لەو هۆكارە گرنگانەی كە وایكردووە زۆركەس بە هەڵە لە پەرەسەندن تێگەیشتبێت.