دەگوترێ ئەوانەی دەچنە تەمەنەوە، هەست و دڵیان بەرەو گەنجێتی و منداڵی دەگەڕێتەوە، تا چەند تەمەنت زۆرتر بێت، زیاتر حەز بە ژیانی گەنجێتی و منداڵی دەكەیت، وەك ئەوەی لەلای هەندێ لە داپیرە و باپیرانمان جار جارە بەدی دەكەین، نموونەی درووستیش بۆ ئەو قسانەی سەرەوە، ئەو ئافرەتە بە تەمەنە لوبنانییەیە، كە ئێستا لەسەر لێواری مەرگە، كەچی دڵی وەك كچێكی گەنجە. (مەیموونە) ئەو ئافرەتە تەمەن (125) ساڵەیە كە جەنگی جیهانی یەكەمی لە بیر ماوە، ژیانی منداڵی لە لوبنان بردۆتە سەر، دواتر لە تەمەنی (17) ساڵی شووی كردووە و پاشان گەشتی كردووە بۆ دێیەك بە ناوی (دەبابیە) لەسەر سنووری نێوان سووریا و لوبنان ژیاوە، دایكی (5) منداڵە، كە كوڕێك و چوار كچن، ماوەی (39) ساڵە هاوسەرەكەی كۆچی دوایی كردووە، دڵی مەیموونە وەك كچێكی گەنج وایە، لەبەردەم میوانان و كوڕ و كچەكانی دەڵێ: ئێستاش ئەگەر كوڕێك یان پیاوێكی قۆز داوام بكات، ئامادەم شووی پێبكەم!