جاران ژیانی خەڵك ئەوەندە ئاسان و سادە نەبووە، وەك ئەوەی لە ئێستادا بەدی دەكرێت، بەڵكو رۆژانەی ژیانیان پڕ رەنج و كۆشش و ماندووبوون بوو، تەنانەت زۆربەی ماددە و كەرەستەكانی خواردن خۆماڵی بوون و بە دەستی خۆمانە دروست و ئامادە دەكران، ئەو خواردنانەش وەك: ئارد، ساوار، گەنمەكوتاو، بڕووش، نیسك، هەموو ئەوانە لە ئاش چێ دەكران. لە ساڵانی چل و تا شەستەكان ئاشی ئاوی هەبوو، كە بە ئاو كاری دەكرد، لە سەرەوەی ئاشەكە جۆگەلە و سەرنشێوی ئاویان دروست دەكرد، تا ئاوەكە بەهێزتر شۆڕبێتەوە و پاڵ بە باڵەكانی ئاشكەوە بنێت و بە كاری بخات، دواتر ئاشی مەكینە دەركەوت، ئەوەشیان بە نەوتی رەش كاری دەكرد، دواتر توانییان سوود لە كارەبا وەربگرن وەك سەرچاوەی هێز بۆ ئاش. ئەو بەروبووم و دانەوێلەی دەبردێتە ئاش پێدەگوترێت باراش، كە لەو باراشە چەندین خواردنی دیكەیان ئامادە دەكرد، سەرەكیترینیان لێكردنی گەنمە تا ببێتە ئارد. ئاردی سادە و ئاردی سفر هەیە، ئاردی سفر ئەوەیە كە بەرگی گەنم زیاتر سپی دەكرێت و ناوەوەی گەنم بە جوانی پاك دەكرێت و یان بە دووجار لێدانەوە ئیدی دەبێتە ئاردی سفر، گەنمەكوتاو یەكێكە لە خواردنە هەرە خۆشەكانی كوردەواری، دوای ئەوەی گەنمیان دەهێنایە ئاش، ئاشەوانیش بە ئامێری (هەباشە)، گەنمەكەی سپی دەكرد و دەبووە گەنمەكوتا، بڕووشیش هەمان شێوەی گەنمەكوتاو بە هەباشە سپی دەكرێت و پاشان بە ئامێری (جاڕووشە) ورد دەكرێت. بەڵام لێكردنی ساوار جیاوازە، چونكە دەبێ سەرەتا گەنمەكە بكوڵێندرێت دواتر بە هەباشە و جاڕووشە دەكرێتە ساوار.ئەوەی دەمێنێتەوە لە پاشماوەی لێكردنی ساوار و برووش پێدەگوترێت (كەپەك)، كە بە بەرگی دەنكە گەنمەوە دروست دەبێت، كەپەكیش بۆ ئاژەڵ و مەڕ و ماڵات و گیانداران بەسوودە.