هەوڵبدەن تەنیا بە سەیركردنی وێنەكان خۆتان یەكلایی بكەنەوە، ئاخۆ ئەوانە كێكی شێوە شووتییە، یان شووتێ شێوە كێكە، بێگومان ئەوەی دووەمیان رەنگە ئەستەم بی كە ئاخۆ چۆن بتوانین شووتی لە شێوەی كێك بڕوێنرێت، بەڵام خۆ دەكرێ كێك لە شێوەی شووتی ئامادە بكرێت. وەك لە كارگەی شیرنەمەنی (جیمی) دروست دەكرێ كە لە شاری (ییڵان)ـە و دەكەوێتە وڵاتی تایوان. لەم كارگەیە چەندین جۆرە كێكی شێوە سەیر و سەمەرە دروست دەكەن، دواترینیان كێكە لە شێوەی شووتی، هەمان دیكۆر و دیمەنی شووتی هەیە، تەنانەت حیسابی دەنكەكانی ناو شووتیشی بۆ كراوە، لەو كارگەیە رۆژانە نزیكەی سەدان كێكی لەم جۆرە ئامادە دەكرێن و میوانان و خوازیارانی كێكی شێوە شووتیش دێن دەیكڕن و یاخود لە چێشتخانەی كارگەكەدا نۆشی دەكەن، ئەوەی سەیرە هەر كێكە شووتییەك نرخی (100) دۆلاری ئەمریكییە و داواكاری زۆریشی لەسەرە، خاوەنی ئەو كارگەیە ناوی (لی وان)ـە و دوای ئەوەی خۆی كێكەكە ئامادە دەكات، هەر خۆیشی پێشكەشی میوانانی چێشتخانەكەی دەكات.