جاران جەژن لە نێو كورددا بە جۆش و خرۆش بوو، گەورە و بچووك و پیاو ئافرەت و كچان و كوڕان لەو رۆژەدا بە جوانترین شێوە خۆیان ئامادە دەكرد، تا جەژنەكەیان زیاتر پیرۆز بكەن و رۆژێكی پڕ خۆشی و شادی بەڕێ بكەن. لە بەرەبەیانی رۆژی جەژندا، پیاوان لەلایەن خانمە دەستڕەنگینەكانیانەوە خواردنیان بۆ ئامادە دەكرا، دواتر بۆیان دەبرایە مزگەوت، كە بە خواردن و شیوی جەژنە ناسرابوو. دوای تەواوكردنی نوێژی جەژن و جەژنە پیرۆزە، دواتر دەگەڕانەوە ماڵەوە، ئیدی سەردانی ماڵە خزمان و دۆست و جیرانان دەستی پێدەكرد، جار جارەش بە كۆمەڵ رێكدەكەوتن و دەچوونە گەشت و سەیران، جێژنانە هەبوو بۆ منداڵان كە لەلایەن كەس و كاریان جەژنانەیان پێدەدرا، زیاتر پارە و نوقڵ و چوكلێت و شیرینی بوو، لە كۆنیشدا جەژنانە زیاتر عانە و فلس و درهەم بوو، جەژنی پێشان زیاتر لە رۆژی یەكەمدا بوو، هەموو یادكردنەوە و سەردانی و میوانی لە رۆژی یەكەمدا دەكران، پیاوان و ئافرەتان جوانترین جلكی خۆیان لەبەر دەكرد، زیاتر جلی كوردییان دەپۆشی. (مام ئەحمەد مەولود) تەمەنی (84) ساڵە وەك خۆی دەڵێ: جەژنی جاران خۆش و بە جۆش بوو، خەڵكی هاوسۆز و نزیكی یەكتر بوون، دوای ئەوەی شەوانەی رەمەزانیان بە یاری خۆش و كەرەمستانێ و كڵاوێن و سنی سنیانی بەڕێ دەكرد، لە رۆژی جەژنیش هەموویان روویان لە مزگەوت دەكرد و پاشانیش میوانداری و سەردانیكردن. ئەو خواردنانەی لە رۆژی جەژندا ئامادە دەكران، زیاتر برنج و قەیسی و مەرەگە و گۆشت بووە، جاران لە بەرەبەیانی جەژندا خواردن و چێشت ئامادە دەكرا، مەبەست لەوەش كە رۆژەكە جیاواز بێت لە رۆژانی پێشووتر و تا وەك رۆژێكی تازەوە بێت و جیاواز لەگەڵ رۆژەكانی دیكەدا. ئێستاش لە شارۆچكە و گوندەكان خواردنی جەژن دەبردرێتە مزگەوت، ئافرەتانیش دەست و مەچەكیان لە خەنە دەنێن و جلی كوردی و مێخەكبەند و خشلی جۆراوجۆری لە دەست و ملیان دەكەن و جار جارەش بە چەپڵە و شایی جەژنەكەیان پیرۆزتر دەكەن، ئێستاش یادكردنەوەی جەژن گۆڕاوە و نەریتەكان بەرەو پێشچوون و خەڵكیش زیاتر كراوەترن.