هەر ئێكسسوارێك گرنگیی خۆی هەیە و جێی سەرنجە، هەر كەسێكیش بۆ مەبەست و شوێن و كاتێك لە دەستی دەكات. ئەگەرچی هەندێكیان سەرەكین و هەندێكی دیكەشیان لاوەكین، گوارە و بازن بە ئێكسسواری سەرەكی دادەنرێن، ئاساییە ئەگەر ئەو دوو ئێكسسوارە بۆ هەموو شوێنێك بپۆشی، تەنانەت بۆ كاتی دەوام و زانكۆ و ماڵەوەش، بازن وەك ئێكسسوارێك بۆ جوانكردنی دەست و مەچەكت زۆر شیاوە، دەتوانی وەك ئێكسسوارێكی سەرەكی بۆ وەرزی هاوینی دابنێیت. هەر بۆیە پسپۆڕانی جوانكاری، گرنگی ئەوتۆ بە بازن دەدەن و چەندین مۆدی جیاوازیشی بۆ دیزاین دەكەن. ماركەی (دیۆر)ی فەڕەنسی لە تازەترین مۆدی بازنەكانیدا، ئاماژەی بە سادەترین بازنی دەست داوە، كە ئەوانەی لە شێوەدا باریكن و لە نەخشیشدا رەنگاوڕەنگن، چونكە ئەو دوو سیفەتە لە هەر بازنێكدا هەبێ، جێگەی سەرنج و جوانیی دەست و مەچەكی ئافرەتان دەبن. ئەو بازنانە هەندێكیان لە شووشە و كریستاڵ و هەندێكیشیان لە قوماشن، ئەو شێوازە لەسەر مۆدی كلاسیكی رۆمانییەكان چێ كراوە، بە ناسكی و سادەیی لەسەر مەچەك دەردەكەوێت.