دیوارەكانی ماڵەكەت بكە بە دیكۆرێكی ناوازە

دیوارەكانی ماڵەكەت بكە بە دیكۆرێكی ناوازە
جوانكردن و گۆڕانكاری لە دیكۆری ماڵدا، هەنگاوێكی گرنگە تا جێی دەستی كابان و ئافرەتانی ماڵ لەسەر جوانیی دیكۆری ماڵەكەیان دیار بێت و هەنگاوێكی رازاندنەوەی ناوازەش بۆ ماڵەكانیان بكەن. ئەگەر تۆی خانمیش نیازت وایە گۆڕانكاری لە جوانی ماڵەكەتدا بكەیت، پێویست ناكات هەموو كەل و پەل و كەرەستەكانت بگۆڕیت، بەڵكو لە سادەترین هەنگاو دەست پێبكە، ئەویش بە رازاندنەوە و جوانكاری لە دیواری ماڵەكەت، چونكە بەشێكی گرنگە لە دیكۆردا و هەردەم لە بەرچاوانە. هەر گۆڕانكاری و تازەگەرییەك ئەنجام بدەیت، بەتایبەت لە دیوارەكانی ژووری دانیشتن و میوان و نووستن، هەروەها لە ژووری چێشتیش دەتوانی كۆمەڵێك هەنگاوی جوانكاری لەسەر دیوارەكاندا بكەیت، ئەو كارانەش بە دانانی ئەو كەرەستە و هەنگاوانە دەبن: دیوارەكانی ژووری میوان و دانیشتن بە تابلۆ و وێنەی دیوار و رەفی كتێبخانە بڕازێنەوە، ئەگەر وێستت گۆڕانكاری لە رەنگی دیوارەكەدا بكەیت، دەتوانی لە رێگەی بۆیەكردن، یان دانانی كاغەزی دیوارەوە ئەو كارە جێبەجێ بكەیت، لە ژووری نووستن، هەوڵبدە نەخشی سرووشتی و باڵندە و گیاندارانی خۆماڵی و كێوی بكێشیت، تەنانەت لە دیواری ژووری چێشت، دەكرێت وێنەی جێگیر لە نێو كاشییەكانی دیوارەكە دابنێت، یان كەرەستەی پلاستیك و گڵۆپ و سوورەیا دابنێت.
Top