شمشاڵ ژەنێك و شمشماڵەكەی هاوتەمەنن

شمشاڵ ژەنێك و شمشماڵەكەی هاوتەمەنن
زۆرن ئەوانەی بە هەست و سۆزەوە ئامێرەكانی میوزیك دەژەنن، هەندێكیان لە خۆیانەوە فێربوون، واتە جگە لەو حەزەی دڵیان بۆ ژەنینی ئامێرە دەنگدەرەكان دەچێت، وەك بەهرەیەكیش ئەو حەزە لە نێو ناخیاندا هەڵدەقوڵێت. شمشاڵ كەرەستەیەكی میوزیكی دێرینی كوردییە و جارانیش پیاوان و گەنجانی كورد بە شمشاڵ چەندین ئاوازی خۆشیان بە گوێ خەڵك و میوانانی دیوەخاندا دەژەنی. یەكێك لەوانەی بە درێژایی هەموو تەمەنی وەك میوزیكژەنێكی شمشاڵی ون هەموو تەمەنی لە شمشاڵ لێدان بەسەر بردووە، ئەو پیاوەیە كە ناوی (موحەمەد خەیاری شمشاڵ بێژە) كە لە ساڵی (1940) لە دایك بووە، خەڵكی گوندی گۆمەسپانە و هەر لە منداڵییەوە شەیدای ژەنینی شمشاڵ بووە. لە تەمەنی (5) ساڵیەوە شمشاڵێكی پێدراوە و تا ئێستا پاراستوویەتی و دەیژەنێت، وەكو خۆی دەڵێ: جاران كە شوانی بەر مەڕ و ماڵات بووم، بە درێژایی رۆژ شمشاڵم دەژەنی، ئەو شمشاڵەی ئێستاشم لە (مەعدەن) دروست كراوە، كە لە ستیل و داریش دروست دەكرێن. باوكی (9) منداڵم و ئەوانیش رۆژانە گوێبیستی دەنگی شمشاڵەكەم دەبن، ئەگەر رۆژێك شمشاڵ نەژەنم، وا هەست دەكەم شتێكی گەورەم لێم ون بووە، شمشاڵیش ئامێرێكی كۆنی كوردەوارییە و لە پێكهاتەیدا نێر و مێیەی نییە، شمشاڵی باش (5) كونە، بەڵام گرنگە شمشاڵ ژەن بزانێت چۆن لێیدەدات.
Top