كلتوور و جارانی كوردەواری بە داب و نەریتە جوانەكانی دەوڵمەندە، زۆربەی تا رۆژانی ئەمڕۆش كاریان لەسەر دەكرێن و بە جێیان دەگەیەنن، كە گوزارشت لە پاكی و رەواڵەتی باپیران ئەوانەی لە پێشوودا ژیاون، یەكێك لەو نەریتە جوانانەی پێشوودا شیوە غەریبەیە، شیو ناوێكی دیكەی خواردنە، ئەو ناوە لەلایەن چەند ناوچەیەكی كوردستاندا بە خواردن دەگوترێت، شیوە غەریبە بەپێی قسە و وتەی كەسانی دونیا دیتە بە دوو ماناوە دێ، كە یەكەمیان : واتە ئەو خواردنەیە خاوەنەكەی دیار نییە و بە غەریب دادەنرێت، دووەمیش بە مانای ئەوەی ئەوانەی ئەو خواردنە بۆ خاوەن پرسە دەبەن، تا خاوەن پرسە هەست بە غەریبی نەكات و هەموو كەسانی نزیكی خۆی خاوەن پرسەن. جاران ئەو نەریتە هەبوو، لە رۆژانی پرسەی مردنی كەسێكدا، بە تایبەت لە ژەمی ئێواراندا ئەوانەی مەبەستیان بووایە لە پرسەكەدا بمێننەوە، هەر یەكە بایی (2 یان 3) كەس خواردن ئامادە دەكات و دەیهێنێتە مزگەوت یان ماڵی خاوەن پرسە، ئەو نەریتە وەك هاوكاری و هاوسۆزی بوو بۆ خاوەن پرسە، كە بۆ پرسەی پیاوان و ئافرەتان دەكرا، هەر یەكە جۆرە خواردنێك دەهێنێت، ئەگەر باوكەكە یان دایكەكە لە پرسەكە بووایە، خۆی دەچوو لە شوێنی پرسە دەبوو، لە دوای بانگی مەغریبەوە شیوبەر واتە یەكێك لە منداڵانی ئەو كەسە، خواردنەكە دەهێنێتە شوێنی پرسە، پاشان هەر یەكە یەكێك یان دووان لەلای خۆی داوەت دەكات و بەیەكەوە خواردنەكە نۆش دەكەن. ئەو خواردنە بۆ نزیكەی (70 تا 80) كەس دەكرێت و هەموو ئەوانەی لە پرسەكەدا ئامادە دەبن، دەتوانن ژەمێك بخۆن و بەبێی ئەوەی كار بكاتە سەر خاوەن پرسە، تا ئێستاش ئەو نەریتە كوردەوارییە لە قەزا و ناحییە و گوندەكاندا بەردەوامە و دەكرێت.