ژووری نووستن بە خواستی دڵ

ژووری نووستن بە خواستی دڵ
هەموو بەشێك لە دیكۆری ماڵ، پێویستی بە جێ دەستی خانمان هەیە، تا سیحری جوانییان بگاتێ. پاك راگرتنی ماڵ و دانانی كەرەستەی ماڵ بە شێوەیەكی دروست، سەرەكیترین رێگەیە تا ماڵەكەت گەشاوە و خۆش بێ، ئەگەر لەو دوو لایەنە سەركەوتوو بووی ماڵەكەت قەشەنگ و رێك دەبێ. لە دیكۆری ماڵدا چەندین شوێن و گۆشەی جیاجیامان هەیە، كابانی ماڵ، ئەگەر دەتەوێ ماڵەكەت جێگەی سەرنج و سەلیقە بێت، دەتوانی لە دانانی كەرەستەكان پێشەنگ و لێهاتوو بیت، بە تایبەت ئەوانەی لە ژووری نووستندا هەن، وەك دەزانین ئەو ژوورە جێگەی حەسانەوە و پشوودان و خەوە. تا دەتوانی ئەو ژوورەت پاك و هێمن رابگرە، پسپۆرانی دیكۆر دەڵێن، تەنیا بێدەنگی هێمنی بە دەروونی مرۆڤ نابەخشێت، بەڵكو چاویش چاوگێكە بۆ هێمنی و ئارامی، بۆ نموونە ئەگەر كەرەستەی ژووری نووستنت لە رەنگێكی هێمن بێ، چاوەكانت پێوەی دەحەسێنەوە و لە رەنگی كەرەستەكان ماندوو نابن. هەوڵ بدە كەرەستەكانی ئەو ژوورەش لە شوێنی دروستی خۆیان دابنێ، با كەل و پەلەكانت بە رێكی و راستی دابندرێن، نەوەك خوار و لار بن، ئەگەر بەتانی و سەرینی سەر سیسەمەكەت بە هەڕەمەكی داندرا بوو، یان لە شوێنی خۆیان نەبوون، ئەو كاتە دیكۆری ئەو ژوورەت لێ تێك دەچێ و جوانیی خۆی لەدەست دەدات.
Top