مۆدی پێڵاو جێگیر نییە، هەر رۆژە شێوازێك دێتە كایەوە، ماوە ناماوە مۆدێك دێ و ئەوەی پێش خۆی بێ بایەخ دەكات، كچانیش هەر یەكە چەندین جووتە پێڵاویان هەیە، پێڵاو دەبێ لەگەڵ جل یان جۆرە ماكیاژێك یان ئێكسسوارێك هاوڕەنگ و هاوشێوە بن، هەر بۆیە كچان پێڵاوی زۆریان هەیە. لە هاویندا زیاتر پێڵاوی كراوە لە پێ دەكرێ، پێی دەگوترێ كراوە، واتە لە زۆربەی لاوە كراوەیە، پێكهاتەكەی چەرمی باریكە، تەنانەت تەلی پاژنە بەرزەكەشی باریكە و ئەستوور نییە. پێڵاوی ناسك و پاژنە باریك، جێگەی بایەخ و جوانیی كچانە، چونكە لەگەڵ هەموو جل و بەگێك دەگونجێت، بە تایبەت ئەگەر پێڵاو و جلەكە هاوڕەنگ بوون، لە وەرزی هاویندا چەندین رەنگی جۆراوجۆر بۆ پێڵاو گونجاوە، ئەو رەنگانەی زیاتر لەگەڵ پێڵاوی هاوینەدا شیاون بریتین لە: سوور، خاكی، رەش، پەمەیی، سووری جەرگی، زێڕی، شەزری (ئەو رەنگەی نێوان شین و وەنەوشەییە). هەر خانمێك دەیەوێ شازادەی ئەم وەرزە گەرمە بێ، با پێڵاوێكی پاژنە باریك و شێوە كراوە لە پێ بكات.