كڵاو و سەروبەستی كوردەواری

كڵاو و سەروبەستی كوردەواری
پیاوان و ئافرەتانی كورد، لە دروست كردنی كەرەستە و جل و كەل و پەلدا دەست رەنگینن، جاران خەڵكی كوردستان چ بە رستن و چنین یان بە دوورین، جل و بەرگیان بۆ خۆیان دروست دەكرد، ئەگەر كڵاو و دەسترۆكە وەك نموونە وەربگرین، دەبینن كە چەندە بە لێهاتوویی و جوانی دروستیان كردوون. كڵاو بۆ پیاوانە و سەروبەست و دەسترۆك بۆ ئافرەتانە، كڵاو لە خووری دروست دەكرێ، سەرەتا خووری دەهێنن و دەیڕێسن، پاشان كڵاوچن دێ لە بەنی خووری كڵاوی پیاوان دروست دەكات، بۆ دروست كردنی كڵاو سەرەتا لە ناوەڕاستی كڵاوەوە دەست پێدەكرێ، دوایی بە شێوەی بازنەیی درێژە بە كارەكە دەدرێ تا كڵاوەكە تەواو دەبێ، دواتر بەرەو دەرەوە دەچێ، زیو و زێڕ و پڵپڵەی لێدەدرێ، بە چەندین نەخشی جۆراوجۆر دەچندرێت، دروست كردنی كڵاو بە پێی نەخشەكەی دەگۆڕێ بۆی هەیە ئەگەر سادە بێ بە یەك سەعات تەواو بێ، خۆ ئەگەر نەخشی زۆر بێ، ئەوە دروست كردنی چەند سەعاتێكی ویستووە، كڵاو لەگەڵ جامانە لەسەر دەكرێ یان هەندێ جار تەنیا هەر ئاوا لەسەر دەنرێ، كڵاو لە زستاناندا گەرمە، دژی سەرمایە، لە هاوینیشدا سەر لە گەرمای هەتاو دەپارێزێ. جگە لەوەی مۆدێكی كۆنە و چەندین ساڵە هەیە، كڵاوی كوردەواری جۆراوجۆرە، هەیە بە چنین دروست دەكرێ، هەشە لە قوماشی جۆراوجۆر دروست دەكرێن، رەنگی كڵاو لە ژماردن نایەت، هەر كڵاو چنێكیش بە چەشنێك نەخشی كڵاو دەكێشێت. كڵاوچن، نەخشەكەی بە سیم و ئارمووش لەگەڵ قوماشەكە دەچنێت. جگە لە كڵاو، كلێتەش هەیە كە جاران شوان و پاشان پێشمەرگە لەسەریان دەنا، چونكە لە زستاندا سەری مرۆڤی لە سەرما و سۆڵە دەپاراست. كلێتە لە مووی بزنی مەرەز دروست دەكرێ یان لە خوریی دەستكرد دروست دەكرێ. بۆ خانمانیش جاران لەسەرنانی كڵاو و بەستنی دەسترۆكە باو بوو، هەروەها هەوری و شەدە و دەسماڵیشیان دەبەست، سەر و كڵاوی ئافرەتان بە تایبەتی خانمانی سەرەژن، بە پڵپڵە و پۆیلە و مووروو دەڕازایەوە، هەروەها ئەوەش باو بوو كە لیرەی زێڕ و زیو لە سەر و شەدە دەدرا، یان وەك بەردێنگ بە بەرۆكی خانمانەوە دەكرا.
Top