بە ناو ماڵ و دیوەخان ئاشنابە

بە ناو ماڵ و دیوەخان ئاشنابە
ئەگەر لەو وێنەیە ورد بینەوە دەبینین كە رایەخی ئەو شوێنە وەك هی ئێستا نییە، یەك پارچەو بە نەخش بێت، بەڵكو چەند بارچەیەك لە لباد و جاجم و مافووری دەستكردە كە كچۆڵە و خاتوونانی ئەو سەردەمە بە دەستی خۆیان دروستیان دەكرد نەك تەنیا ئەوەندەش، بەڵكو وەك داهاتێك بۆ فرۆشتنیش دروستیان دەكرد، لە لایەكی دیكەوە سۆبەی دار كە گەرمیەكی زۆر دەبەخشێ و سیمایەكی دیاری ژیانی خەڵكی جاران بوو، جاران كە پاییز دادەهات، گوندنیشنیان داریان كەڵەك دەكرد بۆ ئەوەی لە زستادا خۆیانی پێ گەرم بكەنەوە و خواردنیشی پێ ئامادە بكەن. سەبارەت بە ناندێن و شێوازی چا ئامادەكردنیش دەبینن چا بە سەماوەر لێدەنێن كە ئێستا زۆر كەم بەكاردێت لەبەر ئەوەی لە پێشوتردا بەتایبەت لە دیوەخاندا بە بەردەوامی دەبوایە چا هەبێت، بۆیە هەردەم سەماوەر گزەی دەهات، لەم وێنەیەدا شتێكی دانسقە دەبینن كە پێدەگوترێ دەست شۆر كە لە جیاتی دەستشۆری سیرامیكی ئەم سەردەمەدایە، دەست شۆری جاران لە كانزا دروست دەكرا، دەفر و سەرقاپێك بوو، سەرقابەكە لێواری هەبوو، سابوونێكیش لە سەر سەرقاپەكە دادەنرا، ئیدی یا دەست شۆر بە ناو دیوەخاندا دەسووڕایەوە و یەك یەك میوانە و خانەخوێ، دەستی خۆیان دەشووشت، یان لەبەر هەیوانی دیوەخانەكەدا دادەنرێ، هەر كەسێ ویستبای دەچوو دەستی خۆی دەشووشت، لاوێك یان مێردمنداڵێك بە مەسینە ئاوی بەسەر دەستی ئەو كەسانە دەكرد كە دەهاتنە سەر دەست شۆر. بالیفەكانی ئەوساش جیاوازبوون ئەگەر سەرەنج بدەین لە هی ئێستا گەورەترن لە دیواخاندا بالیفی گەورە دادەنرا بۆ ئەوەی پیاوانی دیوەخان پاڵی پێوە بدەن یان ئانیشكی لە سەردا بدەن، هەندێك جار گەورەیی بالیف لەو سەردەمەدا پلەی رێزی دەردەخست و ئەگەر یەكێك رێزێكی گەورەی لە یەكێك گرتییان بالیفێكی گەورەتر لە هی خۆی لە پشتی یان تەنیشتی دادەنا، بە جیاواز لەگەڵ ئێستا كە ئەم نەریت و خووە كۆمەڵایەتیانە باویان نەماوە وكەس باسیشی ناكات.
Top