لە كوردستان چەندین شوێنەواری كۆن هەن، مێژووی ئەو شوێنانە بۆ هەزاران ساڵ دەگەڕێتەوە، وەك سەرچاوەیەكی بە نرخی بواری شوێنەواری مێژوویی دادەنرێن. قەڵای شێروانە دەكەوێتە باشووری شاری كەلار، كە سەر بە ناوەندی ئیدارەی گەرمیانە، بە دووری (126) كیلۆمەتر لە سلێمانیەوە دوورە. مێژووی دروستكردنی ئەو قەڵایە بۆ سەردەمی (مەحەمەد پاشای كەیخەسرەوەی بەگی جاف) دەگەڕێتەوە، كە دەكاتە نێوان ساڵانی (1866-1874)ی زایینی، قەڵاكە لە ژێر زەمینێك و دوو نهۆم و ژوورێكی هەشتلایی پێكهاتووە، دەڵێن ئەو پاشایە، قەڵای شێروانەی وەك شوێنێكی حەوانەوە دروست كردووە، پاشانیش وەك بنكەیەكی ئیداریی بۆ كاروباری خۆی بەكارهێناوە. ئەو قەڵایە لەسەر دوو گرد دروست كراوە، گردی یەكەم گردێكی شوێنەواری كۆنە، گردی دووەمیش قەڵاكەی لە سەر بنیات نراوە. بەرزی قەڵای شێروانە دەگاتە (12) مەتر، بە چوار تاوەری حەوت پاڵووەوە گۆشەی ئەندازەیی بیناكەی تەواو كردووە. لە بەشی ناوەوەش چەندین ژوور و دیوەخان و رێرەو و ئاگردانی تێدایە، بێجگە لە كۆمەڵە نەخش و نیگاری جوان لە گەچ نەخشێنراوە لە ناوەوەی ئەو قەڵایە هەن.