خەرمان بەرەكەت... خێر و بەرەكەت
May 18, 2014
رەنگا و ڕەنگ
ئێستا مانگی جۆزەردانە، ئەو دێڕە شیعرە گۆرانیی كاتی دروێنەیە، سەپان لە كاتی دروێنەدا گۆرانیی تایبەتیان دەگوت، لەو كاتەی خەریكی دروێنەی گەنم و جۆ دەبوون، لەم مانگەدا دروێنەی جۆ لە گەرمیان و پێدەشتەكاندا دەست پێ دەكات، جاران سەپان و ئێستاش دەڕاسە دروێنە دەكات. جاران دروێنە بە داس بوو، داس لە دوو بەش پێك دێ، بەشێكی ئاسنە و پێی دەگوترێت دەمە داس و دەبێ تیژ بێ، بەشی دووەمیشی پێی دەگوترێت دەسك كە لە دارە و بۆ جێ دەستی سەپانە. دەمە داس لە شێوەی كەوانەیە واتە وەك نیوە مانگ وایە. سەپان بۆ پاراستنی پەنجەكانی لە دەمە داس و دڕك و داڵ قەیناغی لە دەست دەكرد، كە لە كانزا دروست دەكرا و دەخرایە هەموو پەنجەكانەوە و سەرێكی باریك و درێژی هەبوو. لە كاتی دروێنەدا ئەو كەسەی دروێنەی دەكرد پێی دەگوترا (سەپان)، جاران دروونە دەستەوایی بوو، چەند كەسێك پێكەوە هەر جارەی گەنم و جۆی یەكێكیان دەدوورییەوە، ئنجا دەچوونە سەر تەبارەی یەكێكی دیكە، تەبارە واتە كێڵگەی گەنم و جۆ. سەپان بەو كەسە دەگوترا كە بە كرێ دروونەی بۆ خەڵك دەكرد. كابرا داس و هەسان و قەیناغی هەبوو. پێش دەست پێ كردنی دروونە (دروێنە) سەپان داسەكەی بە هەسان دەسووی واتە دەمەكەی تیژ دەكردەوە، ئەوجا بەرێكی دادەبڕی دەستی بە دروێنە دەكرد كە تا كۆتایی بەری تەبارەكە پشتی راست نەدەكردەوە و بۆ لە بیر چوونەوە ماندوو بوون و شكاندنی بڕستی گەرمای هاوین سەپان تێ هەڵدەگوتنە گۆرانی گوتن (هە دروونە دروونە دروونە، دەسكێ داسم بە روونە). ئەو ژنەی مەڵۆی دووراوەی گەنم و جۆی دەكێشایەوە بۆ سەر خەرمان پێ دەگوترێت ژنی گیشەكێش (تێلەكێش)، جاری وا هەبوو مەڵۆی دووراوە لە یەك شوێن خڕ دەكرایەوە و پێی دەگوترا خەرمان، جاری واش هەبوو لە چەند شوێنێك خڕ دەكرایەوە و پێی دەگوترا گیشە كە لە ناو پەرێز بە درێژ دادەندرا. بۆ بەدەست هێنانی گەنم و جۆ و جیا كردنەوەی دەغڵ و دانەوێڵە لە كا و كۆت خەرمان بە هێستر و جەنجەڕ دەكوترا و بەم كارەش دەگوترا گێرە. دوای گێرە و كوترانی خەرمان، ئنجا شەنەبا دەستی پێ دەكرد، كە سەپان گەنمی لە كایەك جیا دەكردەوە. ئێستا دروێنە ئاسان بووە و بە دەڕاسەیە، بە یەك جار دەمە دەڕاسە دەگاتە تەبارەی دەغڵ و دان و بە ماوەیەكی كورت گەنم و جۆی پاكت دەداتێ و كا و قەسەڵیش بە جیا دادەنێت، بەڵام لە هەندێك ناوچەی گوند و شاخ و چیادا، تا ئێستاش بە دەست دروێنە دەكرێ.
