دۆمبــــــــــەڵان

دۆمبــــــــــەڵان
ئا: رەوەند بەختیار
سروشتی كوردستان تەنیا دیمەنێكی جوان و سەرنجڕاكێش و دڵگیری نییە، بەڵكو لە بەهاردا زەوی و زاری كوردستان پڕ دەبێت لە چەندین جۆرە رووەكی خۆرسك و دەگمەن، هەر لەگەڵ سەوز بوونی دەشت و كێو و چرۆكردنی داردا، چەندین رووەكی خۆرسك پەیدا دەبن و لە زەویەوە دێنە دەرەوە، نموونەی ئەوانەش كاردی و تۆڵەكەو كەنگر و پیفۆك و سەركەزەوی و دوومەڵان یان (دۆمبەڵان) و چەندانی تر. لە ناو هەموو ئەمانەدا، دوومەڵان یەكێكە لە بە بەهاترینیان.
دوومەڵان یەكێكە لە بەرهەمە خۆڕسكەكانی سروشت، لە وەرزی بەهاردا لە ژێر زەوییەوە دەردەپۆقێت، وەك هەندێك دەڵێن بەرهەمێكی ناخی زەوییە.دوومەڵان بە كێش و قەبارە جیاوازە، هەیە بچووكەو هێندەی دەنكە گێلاسێك دەبێت، هەشە گەورەیە بە ئەندازەی جیاواز، رەنگێكی بۆری هەیە، هەشە مەیلەو كاڵ خۆی دەنوێنێ.لەبەر ئەوەی رەنگی وەك خاك وایە، بۆیە بە زەحمەت دەدۆزرێتەوە، دوومەڵان دەكرێ لە هەموو شوێنێك بڕوێ، بەڵام زیاتر لە ناوچەی زوورگ و گەرمێندا هەیە.نرخی دوومەڵان زۆر گرانترە لە نرخی گۆشت،هەندێك جار لە دووقاتی گۆشتیش گرانترە، لەبەر ئەوەی بە زەحمەت دەدۆزرێتەوە و كەمە.
شایەنی باسە دوومەڵان تامێكی زۆر خۆشی هەیە بە چەندین شێوە دەخورێت، بە كوڵاوی یان بە سوور كردنەوە، لە جیاتی گۆشتیش لەسەر برنجی دادەنێن.
Top