هەوڵی بەردەوامت لە پێناو وەدەست هێنانی نایابترین دیمەنی جوان لە ماڵەكەتدا، جێگای شانازی و دەست رەنگینی تۆی خانمە. هەر هەست و بیرۆكەیەك لە جوان كردنی ماڵەكەت، رەنگدانەوەی لێهاتوویی تۆ دەبێت. تەنانەت هەر بەشێكی ماڵ، گرنگی ئەوتۆی هەیە لە گەیشتن بە رازاندنەوەی هەر كەلەن و قوژبنێكی دیكۆری ماڵەكەت. لە زۆربەی ماڵاندا ژووری تایبەت بە چاوگەشان هەیە، یان بەشێك لە بینای ماڵ بۆ منداڵان تەرخان كراوە، جگە لەوەی شوێنێكە بۆ پشوودان و حەسانەوەی منداڵەكان، هەروەها دەبێ نموونەیەكی جوان بێ لە رووی سەرنج راكێشی و جوانی دیكۆری ماڵدا. ژووری منداڵان چەند تایبەمەندی و خەسڵەتێكی دیاری كراوی هەیە، لەوانە : هەبوونی بووكۆڵە و كەرەستەی جوان كە گوزارشت لە هەستی منداڵانە بكات، وا چاكە ژووری منداڵ یەك رەنگ بێ، ئەو رەنگەش لەگەڵ حەزی ئەوان دا بگونجێ وەك: رەنگی پەمەیی و وەنەوشەیی بۆ ژووری كچان، هەروەها رەنگی شین و خاكییەكی كاڵ بۆ كوڕان. هەندێك جاریش منداڵی كچ و كوڕ پێكەوە لە ژوورێك دەبن ئەوەش تا تەمەنێكی دیاری كراو، ئەگەر واش بوو، هەوڵبدە كەرەستە و شتی هەر یەكەیان جیاواز بێ لەگەڵ ئەوەی دیكە، گرنگترین لایەن لە ژووری منداڵاندا، پاك راگرتن و خاوێنی ژوورەكەیە.