جیاوازی نێوان ماكیاژ لە مۆد و شێوە و رەنگدایە، هەر جۆرە ماكیاژێك ئامادەكاری پێشوەختەی پێویستە. بەهۆی ئەوەی بەر لە دەست پێكردن ماكیاژی روخسار، دوو لایەنی سەرەكی هەن، یەكەمیان دەبێ سەرەتا نەخشی ماكیاژەكە دیاری بكەین، واتە چ جۆرە ماكیاژێك بەكاردەهێنێ، یان ئایا ئەو ماكیاژە شیاوە لەگەڵ وەرزی ئێستا، وا چاكترە خانمان بزانن شیاوترین ماكیاژ بۆ رووخساریان چییە و دیاری بكەن. دووەم لایەنیش دەست نیشان كردنی رەنگە، ئەو رەنگەی كە رەنگی ئەساسی ماكیاژەكەیە. ئێستا لە سەرەتای وەرزی بەهار داین، ئەو وەرزەی بە چەندین رەنگی جۆراوجۆر دەكەوێتە بەر دڵان، وەرزێكی ناسكە و رەنگاڵەیە، هەر رەنگێك لەم وەرزەدا بە بایەخ دەبێ، بە تایبەت رەنگی كراوە وەك: پەمەیی، سوور، سەوز، زەرد، پرتەقاڵی، شین. خانمانیش دەتوانن هەر یەكێك لەو رەنگانە لە ماكیاژی رووخساریان بدەن، بە تایبەت ئەگەر بمانەوێ ماكیاژێكی كراوە و سەرنج راكێش بە دەم و چاومانەوە دیار بێ، دەشكرێ رەنگی پەمبە وەك رەنگی سەرەكی ماكیاژی رووخسار هەڵبژێرین. كە دەڵێن پەمەیی رەنگی سەرەكی بێت، واتە شێوەی تەواوی ماكیاژەكە پەمەیی پێوە دیار بێ. بە دانانی بڕێكی زۆر لە رەنگی پەمەیی لە رووخسار، بەمەش ماكیاژێكی تۆخی رەنگ پەمەییمان بۆ دەردەچێ، یان ئەگەر بە كەمی ئەو رەنگە بەكار بهێنین، ماكیاژێكی سادە و سەرنج راكێش بۆ رووخسارت بەدی دەهێنیت، هەر بۆیەش پسپۆران دەڵێن: رەنگی ماكیاژی ئەو بەهارە، پەمەیی دەبێ.