خولیابوونت بە ئێكسسوار، هەنگاوێكی گرنگە لە جوان كردنی خۆتدا، لەو كاتەی كۆمەڵێك ئێكسسوارت هەن كە دەتوانی هەر یەكەیان لەگەڵ جل و بەرگێكدا لەبەر بكەی، تەنانەت لە كاتی لەبەر كردنی هەر جل و پۆشاكێكدا هەوڵبدە ئێكسسوارەكە لەگەڵ ئەو جل و پۆشاكەدا گونجاو بێت، واتە لێك بوەشێنەوە. هەر جۆرە ئێكسسوارێك بایەخ و جوانی خۆی هەیە، بەڵام هەوڵبدە لە هەڵبژاردنی هەر خشڵ و ئێكسسوارێك ژیر و لێهاتوو بە. هەندێ جار لە كڕین و هەڵبژاردنی ئێكسسوارێك دوو دڵ دەبی، ئەوەش ئاساییە. دەشتوانی پرس و را بە هاوڕێیەك یان دۆستێكی نزیكت بكەی تا هاوكارت بێت لە هەڵبژاردنی جۆرە ئێكسسوارێكی شایستە و گونجاو. بۆ هەڵبژاردنی ئێكسسوار، وا چاكە هیچ كامێك لە خەیاڵتدا دادەمێنێ، بەڵكو كامەی بەرچاوت كەوتن و بە دڵت بوون، هەڵیانبژێرە و لەبەریان بكە، چونكە زۆربەی خشڵ و ئێكسسوار بە پێی جوانی خۆیانەوە دەكەونە بەر دڵان، هەندێكیان كە دانراون لە شوێنی نمایشی دووكانێك یان فرۆشگەیەك ئەوەندە سەرنج راكێش نابن، تا ئەو كاتەی كچێكی شۆخ و شەنگ لەدەستی دەكا یان لەبەری دەكا، ئینجا جوانییەكەی بە تەواوی بەدەردەكەوێ. ئەو خانمانەی تازە ژیانی هاوسەریان پێكهێناوە یان ئەو كچانەی مارەبڕن، دەبێ ئەڵقەیەكی جوانیان لە پەنجەدا بێ. ئەوەش وەك هێمایەك بۆ دەربڕینی هەست و خۆشەویستی بۆ كەسی بەرامبەر. ئەڵقەی پەنجەشت بە سەلیقەیەكی جوان هەڵبژێرە، كە شێوەیەكی خنجیلانە و رەنگێكی نایابی هەبێ، دەبێ ئەوەش بزانین كە ئەڵقەیەكە رەنگی زەردە و نقێمێكی ئەڵماسی لەسەرە، ئەوەش باوترین جۆری ئێكسسواری ئەڵقەیە، چونكە جوانییەكی ناسكی هەیە و لەگەڵ جوانی و نەرمی دەست و پەنجەت دەگونجێن.