مۆدەی جلی كوردی كۆن و ئێستا

مۆدەی جلی كوردی كۆن و ئێستا
وێڕای ئەوەی جل و بەرگی كوردی لەو سەردەمەدا، گۆڕانكارییەكی ئەوتۆی بەسەردا هاتووە بەرانبەر بە مۆدە و شێوەی پێشووی، كەچی شێوازە راستەقینەكەی خۆی پاراستووە و تەنانەت پارێزگاریان لە نەخشی رەسەنی خۆی كردووە، تەنیا چەند گۆڕانكارییەكی سادە نەبێ، كە ئەوەش بەپێ خواست و ویستی دیزاینەرانی جل و بەرگی كوردی كاریان لە سەر كردووە. ئەوەی لەم وێنەیەدا دەبینین كچێكی كوردە بە جلی كوردی، مێژووی ئەو وێنەیە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (1904)ی زایینی. جوانی جلی كوردی شیاوی ئەوەیە كە بڵێن ئەگەر وەك پێویست رێكلامی بۆ بكرێت و دیزاینەری بە تواناش هەبێی، ببێتە مۆدەیەكی دیار و مۆركێكی جیهانی بە خۆوە بگرێ، تەنانەت وەك جلی ماركە لە لوتكەدایە و هێشتا بەرەو هەڵكشانە لەلایەن كچان و خانمانی شۆخ و شەنگی كورد. تەنانەت ئەوڕۆش لە چەندین وڵاتی جیا جیا ئەو جلە دەپۆشرێ وەك ئەو كوردانەی لە وڵاتانی بیانیدا دەژین، لە ئاهەنگ و یادی نەتەوەیی و نیشتمانیدا جل و بەرگی كوردی دەپۆشن و بوونەتە مایەی ئەوەی ستایلی جلی كوردی لە ئوستراڵیاوە تا دەگاتە ئەمریكا و كەنەدا لە شوێنی جیاجیادا بەرچاو بكەوێ. جلی كوردی لە چەندین پارچەی جیا جیا پێكدێ، كە ئەوانەن : كراس، ئێلەگ، كەوێ، ژێر كراس، سەڵتە، دەرپێ، پشتێن، كڵاو هتد.. ئەوانە بەشە سەرەكییەكانی كراسی كوردین، بەڵام بەم دواییە چەندین پارچەی دیكەش هاتۆتە سەر ئەوانەی باسمان كرد، وەك :كلێتە و پشتێنی قایش، نەخش و پەڕپەڕە، ئێلەگی كورت و درێژ، روونی لە قوماشی كراسەكە، نەخشی تازە لە شێوەی كراسدا. هەڵبەت دەبێ بزانین كە جلی كوردی سیفەتێكی گرنگی هەیە، ئەویش كەسایەتی بەو كەسە دەبەخشێ كە لەبەری دەكا، هەروەها جوانیەكی ناسك بە جەستەی خانمان دەدات، تەنانەت وادەكات كەسانی بەرانبەر سەری رێز و شەرمی بۆی بنوێنن، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا شێوە رەسەن و ئۆرجینالەكەی خۆی لە دەست نەداوە و تەنیا بەرەو تازەگەری و گۆڕانكاری وردە وردەی لە شێوە و مۆدەی تازە خۆی دەچێ.
Top