رێورەسمە جیاوازەكانی ژنهێنانی كریستیان لە كوردستان

رێورەسمە جیاوازەكانی   ژنهێنانی كریستیان لە كوردستان
ژن هێنان و دروست كردنی خێزان لەلای هەر نەتەوە و پێكهاتەیەك تایبەتمەندیی خۆی هەیە، لە پاڵ ئەوەشدا گەلێ رێوڕەسمی زەماوەند و ژن هێنان لە نێوانی نەتەوە و پێكهاتەكاندا پێكدەچن، بەتایبەتی ئەو گەل و پێكهاتانەی كە دراوسێی یەكن یان لە یەك وڵاتدا دەژین.كاتێك كە دوو كەس لە گرێبەستێكی پیرۆزدا بەیەكتر دەبەسترێنەوە، بۆ بەسەر بردنی ژیانێكی خۆش و پڕ رێز و متمانە. كریستیانانی كوردستان لە رووی زەماوەند و ژن هێنانەوە رێوڕەسم و تایبەتمەندی خۆیان هەیە. بۆ ئاشنا بوون بە دابو نەریتی هاوسەری لەلای كریستیانی كوردستان قەشە (ساند باسێل) لەكەنیسەی مارگورگیس پێی گوتین :
دوای ئەوەی كچ و كوڕێك رێكدەكەون بۆ پێكهێنانی ژیانی هاوسەری، ئەوەش چ لە رێگەی پەیوەندی هاوڕێتی و خۆشەویستی نێوان ئەو دوو كەسە، یانیش بە رێكەوت بڕیاری هاوسەری دەدەن، پاشان دەبێ كوڕەكە بچێتە لای كەس و كاری كچەكە، واتە دایك و باوكی كچە، داوای ئەو كچە لە كەس و كاری دەكات، بە زاراوەی كریستیانەكان پێی دەگوترێ (حجز) واتە نیشان كردن، واتە كچەكە یەكجاری بۆ ئەو كوڕەیە. دوای رەزامەندی كەس و كاری كچە، رێگە دەدەن بە كەس و كاری كوڕەكە دانیشن و قسە بكەن، دوای رێكەوتنی نێوان هەردوو خێزان، ئینجا رۆژەك بۆ مارەكردن دادەنێن كە پێی دەڵێن (بوراخ) واتە مارەبڕین، ئەویش دەبێ هەر یەكە لە كوڕ و كچەكە بچنە كڵێسە، بە رەزامەندی كەس و كاری كچە و كوڕە، هەروەها بە ئامادەبوونی خزم و كەسانی نزیكی هەردوولا، لە كاتی مارەبڕیندا لە كڵێسەدا قەشە لە كچە و كوڕە دەپرسێ كە ئایا پێك رازین؟ بۆ ئەوەی قەشە دڵنیا بێت كچە و كوڕە بە یەك رازین. دوای بیستنی رەزامەندی هەردووكیان، گرێبەستی هاوسەریان بۆ ئامادە دەكات، كە بریتییە لە بەڵگەنامەیەك كوڕە و كچەش واژۆی دەكەن و پاشان ناوی هەردووكیان لە لاپەڕەیەكی تۆماری كڵێسەدا دەنووسرێت،دوای بەجێگەیاندنی سرووتی نوێژ، قەشە بڕیار دەدات ئەم دوو كەسە بوونە هاوسەری یەك و پیرۆزباییان لێ دەكات. پاشان كەسوكاری بووك و زاوا لەگەڵ دۆست و هاوڕێیان بەرەو شوێنی تایبەت دەچن، شیاوی باسە بووك دەستە خوشكێكی وەك بەربووك لەگەڵدا دەبێ و زاواش هاوڕێیەكی خۆی وەك برازاوا لەگەڵیاندا دەبن و لەم خۆشی و شادییەدا دەبنە هاوبەشیان. پاشان بەپێی بەرنامەڕێژی ئاهەنگیان یان دەچن بۆ هۆڵی ئاهەنگ و زماوەند دەگێڕن، یان بۆ شوێنێكی دیكە. بەپێی ئایینی كریستیانی ژن تەڵاق دان نییە، واتە هاوسەران لە یەك جیا نابنەوە، بەڵام ئەگەر هاتو لەگەڵ یەكتردا نەگونجان، دێنە لای قەشە بۆ ئەوەی ئاشتیان بكاتەوە، خۆ ئەگەر هات و كێشەی نێوانی هاوسەران نەبڕایەوە، قەشە لە یەكیان جیا دەكاتەوە، ئەمجارە دوای گەڕانەوەی ئەو دوو هاوسەرە بۆ لای یەكدی، ئەگەر هاتو دیسان لەگەڵ یەكدا نەگونجان قەشە گرێبەستی هاوسەرییەكەیان هەڵدەوەشێنێتەوە. هەروەها بەپێ ئایینی كریستیان پیاو تەنیا دەتوانێ یەك ژن بهێنێ.
Top