هەر بەشێك لە ماڵەكەت جێگەی شانازی و دەست رەنگینی تۆیە، بەتایبەت لەوكاتەی دەستە خوشكەكانت یان میوان دێنە ماڵت و بە دڵ خۆشیەوە باسی ناوماڵەكەت دەكەن و سەرسوڕمانی خۆیان لە جوانی و دیكۆری ماڵەكەتدا دەردەبڕن. رەنگە بە شتێكی بچووكیش سەرسام بن، كە بە دیتنی دیكۆری سادەی جوانی هەر شتێك سەری رەزامەندی و سەرسامی بلەقێنن: دیكۆری ماڵ ببینە و بەهرەمەندی و كارامەیی ئافرەت بزانە، یەكێك لەو بەشە جوانانەی لە دیكۆری ماڵدا هەیە، رێكخستن و جوانی (سەرین)ە، وێڕای ئەوەی سەرین لە زیاتر لە شوێنێك دادەنرێ، ئەوەی لە ژووری دانیشتن دادەنرێ پێیدەگوترێ (كۆشە)كە تەواوكەری تاخمی قەنەفەیە، لە دیوەخانی ماڵانیشدا لەگەڵ رایەخ و دۆشەك سەرینی كوردەواری دادەنرێت كە خانمان بە رەنگ و نەخشی جوانەوە دەیڕازێننەوە و جوانییەكی زۆریش دەبەخشێتە دیكۆری ژووری میوان. تەنانەت لە ژووری خەویش پێگەی سەرین تایبەتە، لەو كاتەی لەگەڵ پێخەفی نووستن دادەنرێت، لە شێوازی تازەی سەریندا، سەرینی چوارگۆشە بە رەنگی تاریك، بە جوانترین سەرین دادەنرێن لە دیكۆری ماڵدا.