لە بەشەكانی دیكۆری ماڵدا، چەندین لایەن هەن جێگەی بایەخ و جوانی دەبن. هەندێك جار شێوازی دانانی كەرەستەیەك دەبێتە ناسازی لە جوانی رێكخستنی ماڵ، سەلیقەیەكی جوان لە دیكۆردا یان هەڵبژاردنێكی دروستی كەلوپەل، لێهاتوویی تۆی خانم دەردەخات لەو كاتەی ماڵێكی رازاوە و سەرنج راكێشت دەبێ. پسپۆرانی دیكۆری ماڵ دەڵێن : تا چەند ماڵەكەت بە كەرەستەی سرووشتی پڕ بكەیەوە، ئەوەندە نزیكی لە وەدەست هێنانی دیمەن و جوانییەكی قەشەنگ. ئەو رێكخستنەی بۆ كەل وپەلی ماڵەكەت ئامادە دەكەی، دەبێ رەونەقدار و رازاوە بێ، یەكێك لەو هەنگاوانەی ماڵەكەت درەوشاوە دەكات لە جوانیدا، ئەویش دانانی گوڵ و گوڵدانە لە هەر شوێنێكی ماڵدا. جوانی گوڵ لە سەرووی هەموو جوانییەكەوەیە، بۆن و بەرامی گوڵیش كاتێك لە ماڵەكەتدا بڵاو دەبێـتەوە، هەستێكی ناسك و خۆشت بۆ بەرجەستە دەكات.