بەرەو پێش چوون لە هەر بوارێكدا، ئەنجامی سەركەوتنێكە لە بوارە جیاجیاكانی ژیان، لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا گرنگی بە ئاژەڵان دەدرێت. تەنانەت ئاشنا بوونی خەڵك بە ئاژەڵان، كارێكی مرۆڤایەتییە، وەك بینینی شێوەیان و گوێ گرتن لە دەنگی ئەو ئاژەڵانە، كە خۆماڵی نین یان ئەوانەی ترسناكن، مرۆڤ ناتوانێ لێیان نزیك بێتەوە، پاشانیش وەك حەز و خواستێكی خەڵك تا لە نزیكەوە گیانداران ببینن. بیرۆكەی كردنەوەی نمایش و باخچەی ئاژەڵان پرۆژەیەكی سەركەوتووە لەو بوارەدا. باخچەی ئاژەڵان بریتییە لە شوێنێكی دیاری كراو، كۆمەڵێك ئاژەڵی كێوی یان ئەوانەی لە دارستان دەژین، دەهێندرێنە ئەو باخچەیە. دواتریش لە لایەن خەڵكەوە سەردانی ئەو شوێنە دەكرێ بۆ تەماشا كردنی گیاندار و ئاژەڵی نێو باخچەكە. كوردستانیش بە گشتی و شاری هەولێر بە تایبەتی لەو لایەنە بێ بەش نییە، ئەوەتا لە پایتەختی گەشتیاری باخچەیەكی ئاژەڵانی خنجیلانە هەیە، كە چەندین ئاژەڵی كێوی تێدایە، ئەو باخچەیەش لە لایەن هاووڵاتییەكی شاری هەولێرەوە بە ناوی (خەلیل كاوانی) كراوەتەوە. ئەو باخچەیە بە شێوەیەكی شارستانی و جوان سەرپەرشتی دەكرێت. چەندین ئاژەڵ لەو باخچەیەدا هەن وەك: شێر، تاوس، گورگ، وشتر، مەیموون، ورچ، كوندەبوو، نەعامە، باز و چەندین جۆرەی ئاژەڵی دیكەی ماڵی و كێوی. رۆژانە خەڵك بۆ بینینی گیانداران سەردانی ئەو شوێنە دەكەن و بۆ یادگاریش وێنەی ئاژەڵان دەگرن و كاتێكی خۆشیش بەسەر دەبەن.