شۆخ و شەنگیی هەر ئافرەتێك لە رواڵەتەوە بەندە بە رێك پۆشی و چۆنیەتی خۆ رازاندنەوەی. خۆ جوان كردن هونەرە، جوانیش خۆ بە خۆ هونەرە. بۆیە سوود وەرگرتن لە پێداویستیەكانی خۆ جوان كردن، نیشانەی سەلیقە بەرزییە. بۆ گەیشتن بە پێگەی جوانی زۆر رەگەز هەن، وەك جل و بەرگ و ئارایشت و ئێكسیسوار، كە ئەنجامێكی شیاویان دەبێت ئەگەر هاتوو خانمان هەنگاو بە هەنگاو بە سەلیقەیەكی وردەوە بیكەن. تۆی خانم وێڕای ئەوەی هەستێكی ناسكت هەیە لە زۆربەی بوارەكانی ژیاندا، هەمان هەستی ناسكت لە رووی خۆ جوان كردنەوە دەرخە.دڵنیا بە تۆ جوان دەبی، كاتێك تاج لە سەر دەنێیت، سەرت بە بریقەیی و رازاوەیی دەگەشێتەوە، بە تایبەت كاتێك كچان جوانیی سەر و پرچیان بە تاجێكی جوان دەڕازێننەوە. راز و نیازی خانمانیش لەو كاتەدا زیاتر دەردەكەوێ، كە تاج وەك ئێكسیسوارێك لە سەر دەنێن، شكۆ و جوانییەكی سیحراوییان پێ دەبەخشێت. سەریان نەخشین و بریقەداریی پێوە دیار دەبێ. پوختەی قەشەنگی لە سەر و بەندی كچاندا، زیاتر لە شێوەی ئارایشتی پرچ و تاجی سەرە، چونكە هەر یەك لەوانە دیمەنێكی شیاو نیشان دەدات لە بەرانبەر بەشەكانی دیكەی جوانیی جەستە. كچان بێ سنوور حەزیان لە ئێكسیسوار و خشڵە. هەندێك لە ئافرەتان بڕێكی زۆر لە ئێكسیسواریان هەیە، لەبەر زۆری جاری وا هەیە نازانن كامیان بپۆشن.