شێوازەكانی هاتوچۆی جاران

شێوازەكانی هاتوچۆی جاران
بەر لە پەیدا بوونی ئوتۆمبێل لە كوردستان و عێراقدا، هاتوچۆی خەڵك ئەستەم و بە رێی دیكەی جودا لەو ئامرازانەی ئێستا لەبەر دەستن. جاران گرنگیان بە وڵاخ داوە بۆ بەجێ گەیاندنی كاروباری رۆژانەیان. دواتر بیرۆكەی دروست كردنی ئامێری وەك عەرەبانە و ئامێری دیكە هاتە ئاراوە. پاشان مرۆڤ توانیی بەسەر ئەركی قورسی رۆژانەیدا زاڵ بێت، بۆیە بیرۆكەی بەكار هێنانی وڵاخ و عەرەبانە هاتە ئاراوە. ئەو عەرەبانانە لە دوو تایە یان چوار تایەی گەورە پێك هاتبوون، زۆربەی بەشەكانیان لە دار دروست كرابوون، بەشە سەرەكییەكەشیان لە ئاسن بوو. عەرەبانەش دوو جۆر بوو، ئەوانەی لە كوردستاندا بەكار دەهێندران، لە دەرەوەی وڵاتەوە دەهێندران یان بە شێوەیەكی سادە لێرە دروست دەكران. ئەو دوو جۆرە عەرەبانەیەی كە هەبوون، ئەوانەی دوو ئەسپ رایان دەكێشا، پێی دەگوترا (یایلی)، ئەوەی بە ئەسپێكەوە بوو پێی دەگوترا (تریشقە). ئەم جۆرە عەرەبانانە زیاتر لە شارەكانی كەركووك و سلێمانی و هەولێر گرنگییان بەو لایەنە دراوە. سەرەتای پەیدا بوونی یایلی و تریشقە لە شارەكانی كوردستان بۆ ساڵانی (1938 و 1939) دەگەڕێتەوە، كە تا ساڵانی شەستی سەدەی رابردووش بەكار دەهێندران. عەرەبانەی ئەو رۆژگارە رۆڵی تەكسی ئەمڕۆی هەبوو. وا باو بوو ئافرەتان بۆ داوا كردنی عەرەبانە، منداڵیان دەنارد، ئینجا عەرەبانچی بە تریشقە و یایلییەوە دەهاتنە بەر دەرگای ماڵان و ئافرەتان سوار دەبوون و بۆ شوێنی مەبەست دەچوون، هەروەها بۆ گواستنەەی شتومەك و كەل و پەل.
Top