كاری جوان لە پێشوو و ئێستادا لە ژیانی كوردەواری جێگەی شانازی و جوان و بایەخن، هەر كارێك هۆكارێكی گرنگە لە ژیانی كوردەواری و ئەمەش كە دوای بیرۆكەی جوان و نایاب بە ئەنجام گەیەندراوە، دروست كردنی خانوو و شوێنی ژیان بەسەر بردن، كارێكی قورس بووە، زیاتریش لە پێشوودا خانووەكان لە قوڕ دروست كراون، بەهۆی داری شەقرە و كاریتەوە سەرەوەی خانووەكان وەستێنراون، لە كاتێكدا دەبووایە لە وەرزی زستاندا سەرەوەی خانووەكان بكوترێتەوە بە باگردان تاوەكو ئاو نەدزێتە ناو سەقفی خانووەكە، لایەنێكی دیكە لە دروست كردنی خانوو و شوێنی تایبەت بە ژیانی كوردەواری، پێیدەگوترێ (كەپر یان كۆشك)، زیاتریش لە كەپرۆكە و كۆشكۆكە ناسراوە، بەهۆی ئەو شێوە بچووكەی هەیەتی، كەپر زیاتر لە هاوینان دروست دەكرێ، كە تەنیا سەرەوەی هەیە لە قامیش و داردا سەرەوەی دەگیرێت و سێبەر دروست دەكات، كۆشك و هۆدەش یەكێكی دیكەیە زیاتر لە وەرزەكانی دیكەدا دروست دەكرێن، وەك لە وەرزی زستاندا، ئەو كۆشكە بچووكانە زیاتر لە بەردی چیایی دروست دەكرێن، سەرەوەشی سواخ دەدرێ بە قوڕ یان بە كەرەستەی دیكە، كۆشك زیاتر لە شوێنە بەرزەكان دروست دەكرێ كە ئاو نەیگاتێ و یان لە بناری گرد و شاخەكاندا دروست دەكرێت، تەنانەت سوودیان لە كۆشك وەرگرتووە بۆ دانانی ئاژەڵان تاوەكو بەر سەرما نەكەون و بپارێزرێن لە باران، یان بۆ هەڵگرتنی دانەوێڵە و خۆراكی ئاژەڵ بەكارهێنراوە تاكو لە ماوەیەكی دیكەدا بەكاریبهێنن.